ساڵی رابردوو له‌چاپخانه‌ی سه‌رده‌م و به‌تیراژی 1000 دانه، كتێبی (ده‌رباره‌ی شیعری گۆران) بڵاوكراوه. ئه‌و كتێبه له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د نووسراوه. ناوبراو وه‌ك گۆرانناس ساڵانێكی درێژه له‌داڵانه درێژه‌كه‌ی ئه‌و گوزه‌ر ده‌كات. ئه‌و كتێبه‌شی ده‌ره‌نجامی هه‌وڵ و تێگۆشانی زۆره. گۆران به‌هۆی گۆڕان و كاریگه‌رییه گه‌وره‌كه‌ی له‌شیعردا، زۆری له‌سه‌ر نووسراوه، به‌ڵام هه‌موو نووسینه‌كان به‌ره‌و قوڵایی جیهانبینی و ئه‌ده‌بی ئه‌و نه‌چوون، یاخود به‌گوته‌ی ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د (زۆر كه‌م توخنی لایه‌نی ئیستێتیكی شیعری ئه‌و كه‌توون).
ئه‌و كتێبه له‌چه‌ندان ته‌وه‌ره پێكهاتوووه. له‌سه‌ره‌تادا شعرێكی شاعیری ناوداری عێراقی (عبدالوهاب البیاتی) به‌زمانی عه‌ره‌بی دانراوه كه به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی گۆران نووسیویه‌تی. دواتر ئه‌و بابه‌تانه ده‌بینین: (پێشه‌كی و ڕانانێكی كورتی میتۆده‌كه و سه‌رچاوه‌كانی) و (توێژینه‌وه‌ی پێنج شیعری گۆران له‌دیدی شێوازناسیی هاوچه‌رخه‌وه) و (پایه‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند له شیعرێكی پووشكین و شیعرێكی گۆران‌دا) و (شیعری شاعیری هاوچه‌رخی كورد عه‌بدوڵڵا گۆران) .
له‌پێشه‌كی بابه‌تی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 9 بۆ دیاریكردنی پێگه‌ی گۆران نووسیویه‌تی (نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت شیعری گۆران له ئه‌ده‌بی كوردیدا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می شاعیرانی وه‌ك شێخ نووری و هاوڕێكانیدا بوونه‌ته ئێستگه‌یه‌كی گواستنه‌وه له شیعری كلاسیك و دواكلاسیكه‌وه بۆ قۆناغی شیعری نوێ- هاوچه‌رخ و زۆر جاریش وه‌ك قۆناغی شیعری گۆران ده‌ناسرێت). له‌لاپه‌ڕه‌ی دواتریش هاتووه (ئامانج له‌و كتێبه ئه‌وه‌یه تێكست ببێته چه‌قی شیكاری و لێكدانه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی سووڕانه‌وه به ده‌وریدا و بایه‌خدان به لایه‌نی ده‌ره‌كی). كه‌واته مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نووسه‌ر له‌و به‌رهه‌مه‌ی ئه‌وه‌یه شیكار بۆ تێكست بكرێت نه‌ك به‌ده‌وری شیعر و شاعیردا خول بخواته‌وه. به‌وه‌ش ده‌بینین له (ڕانانێكی كورتی میتۆده‌كه و سه‌رچاوه‌كانی) زۆر به‌وردی و زانستییانه چۆته ناو میتۆده‌كه و تیۆریه‌كانی روونكردۆته‌وه و به‌كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامیش گه‌یشتووه، له‌وانه له‌لاپه‌ڕه 206 هاتووه (له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌مه هه‌وڵێكی توێژه‌ره بۆ دوان ده‌رباره‌ی پوخته‌ی ئه‌زموونی له ڕه‌وتی نووسین و توێژینه‌وه‌دا).
بابه‌تی (توێژینه‌وه‌ی پێنج شیعری گۆران له‌دیدی شێوازناسیی هاوچه‌رخه‌وه) بریتییه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌كادیمیانه‌ی پشت ئه‌ستوور به‌و میتۆده‌ی كه پێشتر روونیكردۆته‌وه. له‌ناویاندا نووسه‌ر زۆر به‌وردی دێڕه‌كانی پێنج شیعره‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندووه. شیعره‌كانیش ئه‌وانه‌ن : (ده‌روێش عه‌بدوڵڵا، دوا سه‌رنج، بۆ هیوای كوڕم، دارچواله‌ی پشكووتوو، گه‌شت له هه‌ورامان). نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 60 ئاماژه‌ی به‌وه داوه شاعیر له‌سێ شیعره‌كه‌ی یه‌كه‌م رووی قسه‌ی له‌كه‌سی به‌رامبه‌ره. به‌ڵام دووه‌كه‌ی دیكه وه‌سفه و كێشانی دیمه‌نی جوان و كاریگه‌رن كه به‌چاوی گه‌ش و به‌سه‌رنجی ورد و هه‌ستی جوان بینراون.
سه‌باره‌ت به شیعره‌كه‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 56 نووسیویه‌تی (هۆنراوه‌كه (ماسك) ده‌مامكه و شاعیر بۆ ده‌ربڕینی موعانانی خۆی و پایه‌ی هونه‌رمه‌ند كه له ده‌وروبه‌رێكی دواكه‌وتوودا نرخی نه‌زانراوه- به‌كاری هێناوه). ئه‌وه‌شی له‌لێكدانه‌وه‌ی دێڕه‌كان روونكردۆته‌وه كه چۆن گۆران خۆی له‌ناو ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئاوێته‌كردووه كه وه‌سفی ده‌كات. بۆ پێگه‌ی زمانه‌وانی شیعره‌كه‌ش له‌لاپه‌ڕه 59 نووسراوه (له ڕووی فه‌رهه‌نگی وشه‌وه شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ زمانی شیعری شاعیردا جیاوازن، به‌ڵام لێره‌شدا گۆران وه‌ك كیمیاگه‌ری وشه، داهێنه‌رانه و له جێگه‌ی خۆیاندا به‌كاری هێناون و له ته‌ونی ده‌قه‌كه‌دا شوێنی خۆیانیان گرتووه). ئینجا هه‌موو ستانزاكانی هۆنراوه‌كه‌ی تاوتۆ كردووه و له‌هه‌ندێك شوێنیش به‌شێوه‌ی هێلكاری وشه‌كانی روونكردۆته‌وه. به‌پشت به‌ستن به‌و تیۆریانه‌ی پێشتر باسی كردوون، لێكدانه‌وه‌ی وردی بۆ بونیادی مه‌عنه‌وه‌ی و ماددی وێنه جۆارجۆره‌كانی ناو دێڕه‌كان كردووه تایبه‌ت به ستانزای یه‌كه‌م له‌لاپه‌ڕه 60 و لاپه‌ره‌ی دواتریدا هاتووه (شاعیر بۆ سازدانی ڕاكێشانی خوێنه‌ر بۆ ناو هۆنراوه- دیاڵۆگییه‌كه‌ی، سه‌ره‌تایه‌كی كاریگه‌ری داڕشتووه، كه هێڵكاریی پۆرترێتی شمشاڵژن- هونه‌رمه‌ندی كێشاوه.
به: ڕه‌نگی زه‌رد + شێوه‌ی ده‌ست و + شمشاڵی كزا+ ده‌روێش
سه‌یری توانای داهێنه‌رانه گۆران بكه، كه چۆن به جێگۆڕكێیه‌كی هونه‌ری ئه‌و وێنه‌یه‌ی له جوغزی زمانی ئاسایی ده‌رباز كردووه، ڕه‌نگه خوێنه‌ر له یه‌كه‌م نیگادا پێی وا بێت كه ده‌بوایه ئاوا بێت:
به ڕه‌نگی زه‌رد و شمشاڵی ده‌ست و شێوه‌ی كزا، ده‌روێش).
به‌و جۆره ستانزاكانی دیكه‌ی تاوتۆ كردووه. له‌لاپه‌ڕه 80 و لاپه‌ڕه‌ی دواتریش سه‌باره‌ت به‌به‌شه‌كانی ئه‌و شیعره، نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه داوه (له ڕاستیدا هه‌ر ستانزایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای "تابلۆی ئه‌لیگۆری" دامه‌زراوه و جۆری پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌كه‌شیان "سووژێتێكی ئه‌لیگۆری"ی سه‌ركه‌تووی پێك هێناوه). ئینجا له‌ژێر ناونیشانی پارالێلیزمی ئاوا‌زه‌یی، شیكاری هۆنراوه‌كه‌ی كردووه.
به‌هه‌مان شێوه‌ی شیعره‌كه‌ی پێشوو، ستانزا له‌دوای ستانزا تاوتۆی شیعری (دوا سه‌رنجی) كردووه و تێیدا كاریگه‌ری وشه‌كان و وێنه‌كانی له‌ده‌ربڕینی بارودۆخی شاعیر و كچه قژ زه‌رده‌كه، دیاری كردووه و بونیاتی جوانی شیعره‌كه‌ی و به‌ڵگه نوێخوازیه‌كه‌شی، ده‌ستنیشان كردووه. بۆ نمونه له‌لاپه‌ڕه 94 نووسراوه (زمانی هۆنراوه‌كه: ئه‌وه‌یه كه له‌و سه‌روه‌خته‌دا پێی گوتراوه "كوردیی په‌تی"، بۆ نموونه ئه‌و وشه عه‌ره‌بییانه‌ی له ده‌روێش عه‌بدوڵڵا دا هه‌ن ، لێره‌دا نین). له‌لاپه‌ڕه‌ی دواتریش بۆ روونكردنه‌وه‌ی ستانزای یه‌كه‌م هاتووه (ده‌ربڕینی "ئه‌ی قژزه‌رد!.." وه‌ك ده‌بێته سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه، ئاوه‌هاش ده‌بێته ئامرازی لێكدانی ستانزاكان و ده‌ورێكی كاریگه‌ر له بره‌و به به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی داڕشتنی سه‌رجه‌م شیعره‌كه ده‌دات، ڕه‌نگه خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و ئیسته‌ی نه‌كردایه و شاعیر به (ی) ی په‌یوه‌ندی بیوتایه " ئه‌ی قژزه‌رد‌ی به‌ژن و باڵا كه‌ڵه‌گه‌ت"، به‌ڵام ئه‌م بۆ زیاتر وریاكردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و زیاتر سه‌رنجڕاكێشانی، دیسان به "ئه‌ی" ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و ئاوازێكی جووڵێنه‌ری داوه به شیعره‌كه، هه‌روه‌ها (ی) ێكی داناوه كه له زمانی ئاسایی‌دا ناگوترێت...) له‌لایه‌كی دیكه نووسه‌ر بۆ نرخدان به‌و نیوه دێڕه (ئاره‌قی سه‌ر كوڵمی دڵۆپی زیوه!) له‌لاپه‌ڕه 106 ئاماژه‌ی به‌وه كردووه (شاعیر له بیری نه‌چووه و كه ئاره‌ق هه‌ندێك جار له شه‌رمكردنی نازدارانه‌وه په‌یدا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی هونه‌ریی تر ده‌به‌خشێته زمان و شیعرییه‌تی دیمه‌نه‌كه... له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵشێڵان و داڕشتنه‌وه ئیستێتكییه له‌ده‌ست هه‌موو شاعیرێك نایه‌ت...) له‌لاپه‌ڕه 110 هاتووه (شاعیر به شێوه‌ی زنجیرێكی ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه ستانزاكان ده‌به‌ستێت به‌یه‌كه‌وه، له ڕاستیدا ئه‌مه یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته داهێه‌ره‌كانی بونیادی هونه‌ری... كه گونجان و تێكچڕژان و هارمۆنی دێنێته كایه)
سه‌باره‌ت به‌شیعری (بۆ هیوای كوڕم) له‌لاپه‌ڕه 119 ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د نووسیویه‌تی (شاعیر داد و بێدادیه‌تی له‌ده‌ست بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و گریان و شینه‌ی كوڕه‌كه‌ی). پاش لێكدانه‌وه‌ی دێڕه‌كانیش له‌لاپه‌ڕه 124 ئاماژه به‌وه ده‌دات (بونیادی بۆ هیوای كوڕم له‌سه‌ر بنه‌مای "دوانه‌ی دژ" داڕێژراوه، چ له ڕووی ناوه‌ڕۆك و چ له ئاستی شێوازی شیعرییه‌وه). سه‌باره‌ت به‌حاڵه‌ته‌كانی ئه‌رێنی و نه‌رێنی و لێكچووه‌كانی ناو دێڕه‌كان، بۆ نیوه دێڕی (له چاوی بێ قه‌رارم بۆچی ده‌رمانی وه‌نه‌وز ئه‌بری؟) له‌لاپه‌ڕه 125 هاتووه (هه‌ر له‌م نیوه دێڕه‌دا وێنه‌یه‌كی نامۆكراو و ناباو: ده‌رمانی خستۆته پاڵ وه‌نه‌وز، دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌ر زمانی خوازه‌یه، چونكه ده‌رمان له‌م حاڵه‌ته‌دا نامۆیه و ده‌وره ئاساییه‌كه‌ی خۆی نابینێت و له زمانه ئاساییه‌كه‌وه بووه به وێنه‌یه‌كی شیعریی تازه و ده‌گمه‌نیش..) له‌لاپه‌ڕه 140 سه‌باره‌ت به‌نیوه دێڕی (به‌حر پڕكه‌ی له تف، بیده‌ی به ناوچاوانی باوكیما) نووسیویه‌تی (به به‌كارهێنانی وشه‌ی "باوكی" له باتی "باوك" حاڵه‌ته‌كه‌ی گواستووته‌وه ئاستێكی مه‌عنه‌وی و وێنه‌ی شیعریی پێ دروست كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و شێوازه‌یه كه ته‌نیا شاعیری داهێنه‌ر ڕه‌چاوی ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانی پێ ده‌نه‌خشێنێت).
بۆ شیعری دارچواله‌ی پشكوتووش، نووسه‌ر به‌وردی لێكدانه‌وه‌ی كردووه. بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه 150 نووسیویه‌تی (شاعیر هه‌ندێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشتی كردووه به كۆده‌كانی ئه‌م ده‌قه‌ی: چنار، نه‌مامی دارچواله، گیای به‌هار، په‌ڕه‌ی هه‌ڵاڵه.. هه‌روه‌ها بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م تابلۆیه : هه‌نگ، په‌پووله، گوڵ ..). له‌راڤه‌كردنی دێڕه‌كانی :
په‌ڕه‌ی هه‌ڵاڵه‌ی چواله‌ی سووراو ڕه‌نگ
جارجار ئه‌وه‌ری به خشه‌ی پێی هه‌نگ،
هه‌روه‌ك په‌پووله‌ی باڵ فڕه- فڕكه‌ر
ئه‌نیشته سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر گیای سێبه‌ر!
له‌گه‌ڵ لێشاوی په‌ڕه‌ی گوڵ بارین:
با بوو شه‌پۆلی (بۆنخۆش)ی چین چین...
له‌لاپه‌ڕه 155 نووسیویه‌تی (كاتێ ده‌ڵێین وێنه‌ی شیعریی میناتۆری، مه‌به‌ستمان وێنه‌ی ورده وه‌ك ئه‌و وێنانه‌ی ڕیز كران و شاعیر به وشه نیگاری كێشاون، هه‌ر وه‌ك نیگاركێشێك، یان كه‌سێك به زه‌نگیانه نیگارێك ده‌چنێت، لێره‌دا چه‌ند كرداری پڕ جووڵه ده‌بینین، كه یه‌ك ئه‌وی تر به‌بیر دێنێته‌وه و به‌هه‌مووشیان گیانیان به به‌ر ئه‌م تابلۆ شیعرییه‌دا كردووه. چۆن؟ به خشه‌ی پێی هه‌نگ په‌ڕه‌ی هه‌ڵاڵه وه‌ری – په‌پووله‌ی باڵه‌فڕه - فڕكه‌ر له‌سه‌ر گیای سێبه‌ر ئه‌نیشنه سه‌ریه‌ك- هێنانی وشه‌ی (لێشاو) و " بارین" بۆ په‌ڕه‌ی گوڵ )... دواتر نووسه‌ر گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بڵێت (بێجگه له‌مانه‌ش شاعیر بۆ چڕكردنه‌وه و كورتبڕی، وشه‌یه‌كی زیاده‌ی نه‌هێناوه، كه ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی بكات، یان وا بزانێت به‌سه‌ر شاعیردا تێپه‌ڕێوه...)
له‌پاش ئه‌وه ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د باسی پێوه‌ندی و هاوكێشه‌ی نێوان سروشت و مرۆڤ له‌ناو دێڕه‌كانی شاكاره‌كه‌ی (گه‌شت له هه‌ورامان) و وێنه جوانه‌كانی ناوی كردووه. سه‌باره‌ت به‌و شاكاره‌ش گۆران وته‌نی، ئه‌وه ته‌نیا گه‌شتێك نییه و ئینتیباعی چه‌ند گه‌شتێكه. نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 159 ئاماژه به‌وه ده‌دات (ئه‌م جۆره ژانره چ به شیعر و چ به په‌خشان له ئه‌ده‌بی زۆربه‌ی گه‌لانی دنیادا هه‌یه). نووسراوه دێرینه‌كانی میسر و گلگامێش و ئۆدیسای هۆمیرۆس و كۆمیدیای دانتی و نووسراوه‌كانی بایرۆن و پووشكین و گۆگۆڵ و چه‌ندانی دیكه، به‌نموونه ده‌هێنێته‌وه. له‌لاپه‌ڕه 162 هاتووه (گۆرانیش وه‌ك باس كرا، جێپه‌نجه‌ی له نووسینی گه‌شتانه‌ی شیعریدا دیاره). له‌په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌ی دواتریش ئه‌و بۆچوونانه‌ی خستۆته‌ڕوو له‌باره‌ی كاریگه‌ری شیعری ئینگلیزی به‌سه‌ر گۆران و له‌لاپه‌ڕه 164 گه‌یشتۆته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بڵێت (ئه‌م شیعره زاده‌ی ئه‌زموونێكی شیعریی ڕاسته‌قینه‌یه، نه‌ك شاعیر بۆنه‌یه‌كی وشكوبرینگمان بۆ باس بكات، ئه‌مه‌ش ئاوێنه‌ی دیدی جوانیپه‌رستی و سروشتپه‌رستیی ئه‌و و به‌ڵگه‌ی ئاستی به‌رزی شیعرییه‌ته). دواتر له‌پێناسه‌ی شیعركه نووسیویه‌تی (گه‌شتنامه شیعرییه‌كه (61) دێڕه و ده‌چێته چوارچیوه‌ی شیعری درێژه‌وه و بونیاده‌كه‌شی ئێپیكییه، له‌سه‌ر بنه‌مای "گێڕانه‌وه" بونیادنراوه، هه‌رچه‌نده له هۆنراوه‌ی "گه‌شت له قه‌ره‌داغ"ی هاوچه‌شنی خۆی كورتتره، كێشی شیعره‌كه: فۆلكلۆریی كوردیی (10) سیلابی، په‌نجه‌ییه). له‌لاپه‌ڕه 175 نووسراوه (هۆنراوه‌كه‌ی به‌ش به‌ش كردووه، دیاره كه ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ناسه‌سوارنه‌كردنی خوێنه‌ر و گوێگر كردووه). ئه‌مه‌و لاپه‌ڕه 182 ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه (ئه‌گه‌ر له به‌رهه‌می شاعیرێكی تردا مرۆڤ ناو به‌ناو هه‌ست به میتافۆر و مرۆڤاندن و ئاڵوگۆڕكردنی ئه‌رك و ده‌وریان بكات، ئه‌وا له‌م هۆنراوه (61) دێرییه‌دا، دار و به‌ردیشی هێناوه‌ته‌وه زمان و په‌یبردووه به هه‌رچی جوانی هه‌یه، بلیمه‌تانه‌ش خستوونیه‌ته جووڵه و سه‌ماو ...هتد). له‌لاپه‌ڕه 184 یشدا هاتووه (گۆران وه‌ك سیناریستێكی به‌توانا و شاره‌زا، ده‌زانێت ڕووی چاوی كامێرای وشه‌كانی ده‌كاته كام شت و دیمه‌ن و لادیمه‌ن، بۆیه هه‌ر له‌یه‌كه‌م دێری ئه‌و به‌شانه‌دا و گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و ناونیشانه‌دا كه بۆی داناون، به وێنه‌یه‌كی شیعری به‌رچاو ده‌ست پێ ده‌كات).
هاوشێوه‌ی چوار شیعره‌كه‌ی دیكه نووسه‌ر دێڕ به‌دێر خوێنده‌وه‌ی بۆ ئه‌و شاكاره‌ش كردووه. بۆ نموونه دوای لێكدانه‌وه دێڕی دووه‌م له‌لاپه‌ڕه 166 ده‌ڵێت (له دێڕی دووه‌مدا "سه‌رپۆشی لوتكه‌ی به‌فری زۆر سپی..." جۆره دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كه له‌ڕه‌وتی لێكدانه‌وه‌كه‌ی ئێمه، چونكه لێره‌دا وشه‌ی "سه‌رپۆش" بۆ مێینه‌یه، له‌وه بگه‌ڕێ كه ئه‌مه "میتافۆر- به‌مرۆڤكردن" ێكی تره، به‌ڵام جۆره دژایه‌تیكیش ده‌خاته نێوان شاخ – نێر و "سه‌رپۆش" به‌سه‌ردادان كه تایبه‌تی مێینه‌یه... وه‌ك بڵێی نه‌سه‌ق و گونجانی وێنه شیعرییه‌كه‌ی دێڕی یه‌كه‌م، له ئافراندنی " تابلۆی ئه‌لیگۆری" دا شپرزه‌ییه‌ك ڕووی تێ ده‌كات، ئه‌مه لای ئێمه، به‌ڵام ڕه‌نگه شاعیر هیچ گوێی به‌و بنه‌ما ئه‌فسانه‌ییه‌ی " نێر و مێ" نه‌دابێت). سه‌باره‌ت به‌دێڕی سێیه‌میش :
جۆگه‌ی ئاوه‌كان تیایا قه‌تیس ما‌و:
هه‌ر ئه‌ڕۆن ناكه‌ن پێچی شاخ ته‌واو
له‌لاپه‌ڕه167 نووسییه‌تی (له دێڕی سێیه‌میشدا وێنای لادیمه‌نێكی جوانی كردووه، به‌ڵام له هه‌ندێك ڕو‌وه‌وه ئاڵۆزییه‌كی تێ كه‌تووه) دوای روونكردنه‌وه‌ی ورد و خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌ی رازیكه‌ر، له لاپه‌ڕه‌ی دواتر و لاپه‌ڕه 169 نووسیویه‌تی (ڕه‌نگه یه‌كێك بڵێت، گۆران ویستویه‌تی "شیعرییه‌ت" پێش یاسا و ڕیسای زمانی باو بخات و لادانی وشه و ڕسته‌سازییه، به‌ڵام ئێره ئه‌و جێگه ئاڵۆزه‌ی زمان نییه، بۆ شاعیرێكی وه‌ك ئه‌و، ئه‌وه‌نده ده‌سته‌وسان بێت كه گرێیه‌كی بچكۆڵه‌ی وه‌های لێ عاسی بێت، بۆیه هه‌ر سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵه‌ی كاتی نووسینه‌وه‌یه، ڕه‌نگه گونجاوتر بێت.... هه‌رچه‌نده ئه‌مانه‌ش به ته‌واوی ئه‌وه ناسڕنه‌وه كه گۆران دوور نییه گوتبێتی : جۆگه‌كان ئاویان تیایا قه‌تیس ما‌و...)
بۆ ئاماژه‌دان به هاوكێشه‌ی نێوان سروشت و مرۆڤیش له‌و شاكاره‌دا نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 170 ئاماژه به‌وه ده‌دات (گه‌ر ورد بینه‌وه له دێڕه‌كانی (5، 6، 7) وه‌كو دێڕی (4) ـه‌م جۆرێك ته‌ریبی له‌نێوان سروشت و مرۆڤدا هه‌یه، به‌وه‌ی كه نیوه دێڕی دووه‌م هیی یه‌كه‌م ته‌وه ده‌كات و بونیادی هۆنراوه‌كه‌ی تۆكمه ده‌كات). ئینجا به‌هێلكاری دابه‌شیكردووه. بۆ لێكدانه‌وه دێڕه‌كانی :
مانگی به‌جێ ما‌و له سه‌فه‌ری شه‌و
زه‌رده له ترسی قاسپه‌قاسپی كه‌و!
ئه‌ستێره‌ی مه‌غریب وه‌ك قه‌تره‌ی ئه‌مه‌ل
كز كز ئه‌تكێته ناو به‌فر سه‌ركه‌ل!
له‌لاپه‌ڕه 179 نووسراوه (ڕاسته مانگ جووڵه‌ی هه‌یه و به بۆنه‌ی سووڕانه‌وه‌ی زه‌ویشه‌وه هه‌رده‌مه‌ی له شوێنێكی ئاسماندا ده‌بینرێت، به‌لام ئه‌م به ده‌بڕینی "سه‌فه‌ری شه‌و" مرۆڤاندوویه‌تی و ئه‌ركی مرۆڤی پێ به‌خشیو‌ه) دواتر له‌لاپه‌ڕه 181 گه‌یشتۆته ئه‌وه (سه‌یری ئه‌و ورده‌كارییه بكه شاعیر له ڕه‌نگدا كردوویه‌تی، بۆ مانگ "زه‌رده"ی به‌كارهێنا، به‌ڵام بۆ ئه‌ستێره ، "رۆشنیی به‌یانی" له‌بارچاوگرتووه و خوێنه‌ری سه‌رپشك كردوو، له ڕه‌نگی "ئه‌ستێره" كه‌دا زیاتر هه‌ست به ڕه‌نگی "سپی" ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت سه‌رله‌ئێواره‌ش، هه‌ر به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه، بژارده‌یه‌كی خستوه‌ته به‌رده‌م خوێنه‌ر به‌چی؟ به تكانی قه‌تره‌ی ئه‌مه‌ل و كزكز، چونكه هه‌میشه، ڕه‌نگی زه‌رد و كز و مات، له شیعردا به‌كار دێن...). به‌هه‌مان شێوه بۆ دێڕی:
له دره‌خت ئه‌دا شنه‌ی بای سه‌حه‌ر:
جم‌و جووڵیه‌تی چه‌شنی سه‌ودای سه‌ر!
له‌لاپه‌ڕه 183 نووسراوه ("دره‌خت، و "با" بێ یه‌كدی هه‌ڵناكه‌ن، به‌ڵكو جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌ڤینداری له نێوانیاندایه، هه‌ر "با" هه‌ڵیكرد، "دره‌خت" ده‌كه‌وێته جموجووڵ و سه‌ما... شاعیر هاتووه "تابلۆیه‌كی ئه‌لیگۆری"ی له‌یسه‌ر بنه‌مای (میتافۆر- مرۆڤاندن) داڕشتووه، ڕوویه‌كی لێكچوونی سه‌رسامكه‌ری له‌نێوانیاندا دۆزیوه‌ته‌وه، وشه‌ی "چه‌شن" یشی وه‌ك ئامرازی چواندن به‌كارهێناوه‌ته‌وه: دره‌ختێك له‌به‌ر شنه‌ی بای سه‌حه‌ردا، ده‌چووێنێ به كه‌سێك كه "عه‌شق" لێی دابێت و ته‌نانه‌ت گه‌یاندبێته حاڵه‌تی "سه‌وداسه‌ری".. ئه‌گه‌ر "به‌نامۆكردن" وه‌ك چه‌مكێكی به‌رزی شیعرییه‌ت ئه‌مه نه‌بێت، ئه‌ی چییه؟!). دێڕی:
سووچێك گه‌رم ئه‌كه‌ن به ڕازی جوانی،
ئاخ به با ئه‌ده‌ب بۆ دنیای فانی!
دوا دێڕی تایبه‌ت به مزگه‌وته. له‌دێڕه‌كانی پێشتر وێنه‌ی مزگه‌وته‌كه و نوێژكردنی كێشاوه. لێره‌دا دیمه‌نی دوای ته‌وابوونی نوێژه‌كه‌ی ناو هۆڵی مزگه‌وتی به‌و دێڕه ده‌ربڕیوه. نووسه‌ریش له‌لاپه‌ڕه 188 و لاپه‌ڕه‌ی دواتر به‌و جۆره حه‌قی به‌و دێڕه داوه: (ئه‌مه‌ش وێنه‌یه‌كی شیعریی نامۆی سه‌رنجڕاكێشی تره: سووچ له واقیعدا به ئاگر گه‌رم ده‌بێت، به‌ڵام شاعیر ئه‌م ئه‌ركه‌ی له زمانی ئاساییه‌وه گۆڕیوه بۆ هیی "ڕازی جوانی"و سه‌رده‌می لاوی و دیسانه‌وه‌ش به‌هێنانه‌وه‌ی "ئاخ به بادان بۆ دنیای فانی" گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ بیره ئاییینییه‌كه، له نێوان ئه‌م دوو وێنه‌یه‌دا هه‌ستێكی تێكه‌ڵ هه‌یه، نیوه دێڕی یه‌كه‌م غه‌ریبێكردنی سه‌رده‌می گه‌نجییه، كه ڕاستوڕه‌وان دنیایی و ژیارییه، به‌ڵام هێنانه‌وه‌ی "دنیای فانی" هه‌ڵقوڵاوی به‌سه‌رچوونی ته‌مه‌ن و جۆره نائومێدییه‌كه له ژیان).
ئه‌وه‌نده‌ی ئاماژه‌مان پێدان بڕێكه له‌و ورده‌كارییه‌ی كه نووسه‌ر بۆ ئه‌و پێنج شیعره‌ی گۆرانی كردووه. له‌كۆتایدا خشته‌ی (ئاماری به‌كارهێنانی سێ كۆنسێپته‌كه‌ی شێوازناسیی هاوچه‌رخی له‌توێژنه‌كه‌یدا) خستۆته‌ڕوو. دواتر ئاماژه‌ی به‌ئه‌نجامه‌كانی توێژنه‌وه‌كه‌ی داوه. وه‌ك له‌لاپه‌ڕه 211 نووسیویه‌تی (له كۆتاییدا ئه‌م توێژنه‌وه‌یه‌ش به‌و كه‌ره‌سه و نموونه شیعرییانه‌ی تێیدا خرانه ڕوو و شیكارییان به‌گوێره‌ی توانا و به‌كارهێنانی میتۆدێكی گرنگ و هاوچه‌رخ بۆ كرا به‌ڵگه‌ی نه‌مری و سه‌رچاوه‌ی له‌بننه‌هاتووی شیعری شاعیری مه‌زنی كورد گۆرانن). ئینجا لیستی سه‌رچاوه‌كانی داناوه.
له‌پاشان له‌ژێرناونیشانی (پایه‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند له شیعرێكی پووشكین و شیعرێكی گۆران‌دا) یشدا، به‌راوردی له‌نێوان گۆران و پووشكین كردووه. بۆ ئه‌وه‌ش پێشه‌كیه‌كی نووسیوه، تێیدا رووه لێكچووه‌كان و جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو شاعیره گه‌وره‌یه‌ی دیاری كردووه. له‌لاپه‌ڕه 219 له‌خاڵێكی هاوبه‌شدا نووسیویه‌تی (گۆران و پووشكین هه‌ردووكیان زمانی شیعر و زمانی گه‌له‌كه‌یان تازه كردووه‌ته‌وه و قۆناغێكی نوێیان، به‌تایه‌تی له مێژووی ئه‌ده‌بی گه‌له‌كه‌یاندا هێناوه‌ته ئارا) . له دواخاڵی ئه‌و لێكچوونه‌ش له‌ڵاپه‌ره‌ی دوایدا هاتووه (ڕه‌خنه‌گره ڕووسه‌كان ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی پووشكینیان ئاوا ده‌ستنیشان كردووه: له‌كلاسیزمه‌وه به نێوان ڕۆمانتیسیزمدا به‌ره‌و ڕیالیزم رۆیشتووه. زانا و ئه‌ده‌بناسانی كوردیش هه‌مان ڕه‌وتیان لای گۆران ئاماژه پێ كردووه). له‌خاڵێكی جیاوازیشیان له‌لاپه‌ڕه 221 ده‌ڵێت: (پووشكین هه‌ر له سه‌ره‌تای دره‌وشاونه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی شیعرییه‌وه هه‌موو كه‌س ناسیویه‌تی و به‌رز به‌رهه‌مه‌كانیان نرخاندوووه.. به‌ڵام گۆران تا مردنیشی كه‌سانی كه‌م هه‌بوون، كه ده‌ركی بلیمه‌تی و ده‌وری گه‌وره‌ی ئه‌ویان له شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا كردووه).
دواتر به‌راوردی وردی له‌نێوان شیعری (من په‌یكه‌رێكی به‌ده‌ست نه‌كراوم بۆخۆم كردووه) ی پووشكین و شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵای گۆران كردووه. دێڕ دێڕ پێیاندا هاتۆته خوار. بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه 226 ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر پووشكین ڕاسته‌وخۆ باسی پایه‌ی هونه‌ری و شاعیرییه‌تی خۆیی كردبێت و په‌نای بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌ی خۆی بردبێت، ئه‌وا گۆران هه‌ست و ئه‌ندێشه خۆی له سیمای شمشاڵژه‌نێكی بلیمه‌تدا ده‌ربڕیوه، كه وه‌ك (ماسك) ڕووپۆشێك به‌كاری هێناوه، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا- خودی گۆران خۆیه‌تی، كه هه‌ردووكیان به زه‌بری كۆششی زاڵیان گه‌یشتونه‌ته ئه‌و لووتكه‌یه‌ی هونه‌ر و شیعر..)
دوای ئاماژه‌دان به سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و گرفتی وڵات داگیراكراوی ئه‌وه‌ی دووه‌م و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو ده‌قه‌كانیان. له‌لاپه‌ڕه 228 نووسیویه‌تی (وه‌ك چۆن پووشكین باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووه و كه ڕۆژێك دێ، په‌یكه‌رێكی شایانی بۆ ده‌كرێت و له نرخی خۆی گه‌یشتووه، گۆرانیش ئه‌مه‌ی زانیوه، به‌ڵام "خیلقه‌ت نه‌سیبی عومری ئه‌وی مه‌حكوومی ده‌ورێك كردووه، ئه‌ینا ئه‌ویش شایانی داوێن له عه‌رش سوینه"). له‌لاپه‌ڕه 229 هاتووه (سیمایه‌كی داهێنه‌رانه‌ی تری ئه‌و دوو شیعره، ئه‌وه‌یه له جوغزی "نه‌ته‌وه" وه بۆ "مرۆڤایه‌تی" ڕۆیشتوون، ئه‌وه‌تا، پووشكین هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ هێنانه‌وه‌ی به‌خ و سه‌ربه‌رزییه‌كانی ڕووسیادا په‌نای بۆ ستانزای شیعرێكی هۆراتیۆس بردووه.....). بۆ درێژه‌دان به‌و بابه‌ته هاتووه (گۆرانیش ئه‌وه‌نده زیره‌كانه ناوی "بیتهۆڤن"ی هێناوه كه نه‌ی لێ نه‌كردووه، به‌ڵام مۆسیقای گه‌له‌كه‌ی به ڕوحی ئاشناتربووه له ئه‌ویش، دیسانه‌وه گرێدانی كولتووری نه‌ته‌وه و مرۆڤایه‌تییه به‌یه‌كه‌وه). ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و كاره‌شی له‌ناونیشانێك چر كردۆته‌وه به‌ناوی (كورته ئه‌نجامێك) كه تێیدا له‌لاپه‌ڕه 229 هاتووه (ژانری ئه‌م دوو شیعره (باڵاد) و به شێوه‌ی نیگاركێشان و گێڕانه‌وه‌یه). دواتر له‌ژێر ناویشانی پاشكۆی شیعری هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌ی به‌زمانی كوردی پاشانیش لیستی سه‌رچاوه‌كانی داناوه.
دوا بابه‌تی ئه‌و كتێبه وتارێكه به‌ناونیشانی (شیعری شاعیری هاوچه‌رخی كورد عه‌بدوڵڵا گۆران كه له‌ژماره 302 ی رۆژی 30/1/1976 له هه‌فته‌نامه‌ی (هاوكاری) بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ كتێبی (شیعری شاعیری هاوچه‌رخی كورد - عه‌بدوڵڵا گۆران) كردووه كه نامه‌ی دكتۆرایی (حسین علی شانۆف) و شوكر مسته‌فا له‌زمانی ئازه‌ری بۆ عه‌ره‌بی وه‌ریگێڕاوه. له‌لاپه‌ره 236 نووسیویه‌تی (ئه‌م كتێبه دیراسه‌یه‌كی به‌نرخه و چاكتر گۆران به‌خوێنه‌ران به‌گشتی و به‌خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی ده‌ناسێنێ) دواتر نووسیویه‌تی (ئه‌بێ ئه‌وه‌ش ره‌چاو بكه‌ین و له یادی نه‌كه‌ین كه نووسه‌ری ئه‌م نامه‌یه شاره‌زاییه‌كی قووڵ و فراوانی له‌و زمانه‌دا نه‌بووه گۆران پێی نووسیوه، ئه‌مه‌ش وای لێكردووه نه‌توانێ زۆر به ته‌واوی هه‌ندێ له نهێنی و جوانیی شیعره‌كانی گۆران ده‌ستنیشان بكات، یان هه‌ندێ جار مه‌به‌ست نه‌پێكێ. بیركردنه‌وه‌ی سیاسییش زۆر به‌سه‌ر دیراسه‌كه‌دا زاڵه، به‌شێوه‌یه‌كی وا كه زیاتر له لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی بایه‌خ پێ دراوه).
له‌كۆتاییدا پێویسته بڵێم ئه‌و كتێبه بچووكه، زیاتر هه‌ڵده‌گرێت!
تێبینی : رێنووسی كتێبه‌كه وه‌ك خۆی گواستراوه‌ته‌وه
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ده‌رباره‌ی شیعری گۆران
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.