Erbil 17°C چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم 22:55

ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیری 1975 له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانى باڵوێزى پێشووى ئێران له‌ عێراق

کوردستان TV
100%

زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی/ سلێمانی

49 ساڵ بەسەر ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیردا تێ دەپەڕێت‌، ئه‌و پیلانه‌ گه‌وره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ى له‌ 6ی 3ی 1975 گه‌لى كورد له‌ باشوور و شۆڕشى ئه‌یلوولى تێدا كرایه‌ قوربانى، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌كى سنووریى (وشكانى و ئاوى و ئه‌منى) كه‌ لەنێوان عێراق و ئێراندا هەبوو، له‌سه‌ر حسابى كورد. ره‌نگه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى و ته‌نیا چوار ساڵ پێى چاره‌سه‌ر كرا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كورد و شۆڕشه‌كه‌ى ببێته‌ قوربانى و له‌ناوى ببه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ ناوه‌ڕۆكدا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ به‌لاداخستنى ناكۆكییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ بوو، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندترین لایه‌ن كورد و جووڵانه‌وه‌كه‌ى بوو له‌ باشوورى كوردستان. دواتریش شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى عێراق- ئێرانى به‌دواى خۆیدا هێنا و هەریەكە لە عێراق و ئێران تووشی زیانێكی زۆری ماڵی و مرۆیی بوون.

د. حوسێن شه‌هید زاده‌ باڵوێزى پێشووى ئێران له‌ عێراق له‌ ساڵى 1975 به‌و پێیه‌ى دیپلۆماتكار بووه‌ و ئاگادارى رووداوه‌ گرینگه‌كان بووه‌، یا ره‌نگه‌ هه‌ندێ جار كاره‌كته‌ریش بووبێ. له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌ رووداوه‌ گرینگ و مێژووییه‌كان دواوه‌ كه‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ى جه‌زائیرە و لاى كورد به‌ (پیلانى شوومى جه‌زائیر) به‌ناوبانگه‌، لاى نه‌یارانى كوردیش ناسراو به‌ (په‌یماننامه‌ى به‌غداد)‌.

ئەو باڵوێزە بابه‌تێكى به‌ زمانى فارسى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسى كورد محه‌مه‌د عه‌بدوڵا وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و له‌ ژماره‌ (374)ى 13 ی3ی 2018ى هه‌فته‌نامه‌ى (باس) بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر گرنگیى بابه‌ته‌كه‌ پێم باش بوو ڕاوبۆچوونى خۆمى له‌سه‌ر بده‌م و پاشان له‌ دووتوێى كتێبێكدا وه‌ك خۆى بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌.

د.حوسێن شه‌هیدزاده‌ له‌م نووسینه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر كۆمه‌ڵێك نهێنی و ڕاستی ده‌خاتە ڕوو. له‌ هه‌مانكاتیشدا گه‌واهى بۆ قوربانیدان و ئازایه‌تى و له‌خۆبردوویى و گیانبه‌خشینى پێشمه‌رگه‌ ده‌دات كه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌ربازانى عێراقیدا زۆر جیاوازن، پێشمه‌رگه‌ بڕوا و متمانه‌یان به‌ كێشه‌ى ڕه‌واى خۆیان هه‌یه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌كى تۆكمه‌وه‌ تا ڕاده‌ى گیانبه‌خشین خه‌باتى بۆ ده‌كه‌ن. له‌ هه‌مانكاتدا رۆڵى سەركردەی مێژوویی كوردستان مسته‌فا بارزانیش له‌به‌رچاو ده‌گرێت و خه‌باته‌كه‌ى به‌رز ده‌نرخێنێ و به‌ هه‌ڵۆى چیاكان و نه‌به‌ردى ده‌نرخێنێ و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رزى بۆ ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ د. حوسێن دان به‌ كۆمه‌ڵێك ڕاستی ده‌نێت و تا راده‌یه‌كى كه‌م به ‌ویژدانه‌وه‌ له‌ كێشه‌كان ده‌ڕوانێت و خوێندنه‌وه‌یه‌كى دروستى بۆ زۆربه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام تاوانباركردن یا ته‌نانه‌ت گله‌یى و گازنده‌ به‌رامبه‌ر به‌ رژێمى شاى ئێران و پشتكردنه‌ كورد و بارزانى و شۆڕشه‌كه‌ى به‌ ڕاست نازانێ و به ‌نه‌نگی ده‌زانێت.

له‌م ڕووه‌وه‌ د. حوسێن ده‌رفه‌ت نادات و ناتوانێت بۆ تۆماركردنى مێژوو بێلایه‌نانه‌ ڕه‌فتار بكات، یه‌كسه‌ر پاساوى بێ بنه‌ماى خۆیان گوته‌نى بێ ئه‌رزش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ئێران دێنێته‌وه‌ و هه‌وڵى ده‌ربازكردنیان ده‌دات، له‌و گه‌له‌كۆمه‌كی و ئه‌و پیلانه‌ گه‌وره‌ نێوده‌وڵتییه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كورد كه‌ ئه‌و به‌ ناچاری ده‌زانێت كه‌ ئێران وه‌ها كارێكى كردووه‌ به‌رگرییان لێ ده‌كا و وا پیشانى ده‌دا ئێران زۆر خاترى كورد و شۆڕشه‌كه‌ی گرتووه‌ و ته‌نانه‌ت هاوكاریشى كردوون، به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كى بچووك باسى ده‌كات.

ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ ئیمزاكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ هێشتا ئێران هاوكارى شۆڕشى كورد بوو، به‌وه‌ى 140 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ریان گرتەخۆ و به‌ڵێنیان له‌ عێراق وه‌رگرت كه‌ ئه‌و په‌نابارانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئازار نه‌درێن و راوه‌دوو نه‌نرێن، ئێران له‌وه‌ زیاتر هیچى پێ نه‌كرا".

به‌ڵام له ‌ڕاستیدا ئه‌و پاساوه‌ به‌ لاى كورده‌وه‌ هیچ ئه‌رزشى نییه‌. وه‌ك له‌ دیدارێكى ته‌لەڤزیۆنیى كه‌ناڵى (m.b.c)ی عه‌ره‌بیدا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "كه‌ شاى ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌نجه‌رى له‌پشته‌وه‌ له‌ ئێمه‌ دا و خیانه‌تى له‌ ئێمه‌ كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من جدى بووم هاوكاریى هه‌ر كه‌سێ بكه‌م كه‌ كارێك دژى شاى ئێران بكات".

هه‌روه‌ها ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ سه‌ودایه‌كى ئێرانى - عێراقى بوو له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد. هاوكات له‌گه‌ڵ مۆركردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا، حكوومه‌تى ئێران هه‌موو یارمه‌تییه‌كانى له‌ كورد بڕى و له‌ژێر ڕه‌حمه‌تى سوپاى عێراقیدا به‌جێى هێشت، هه‌ر ڕۆژێك دواتر (7ی 3ی 1975) ئێران چه‌كه‌ قورسه‌كانى وه‌ك تۆپ و دژەفڕۆكە و تفاقه‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى خۆى كێشایه‌وه‌ به‌ره‌و ئێران و هه‌موویان به‌ به‌رده‌م باره‌گاى بارزانیدا تێپه‌ڕین.

نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر حامید گه‌وهه‌رى سه‌باره‌ت به‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌نووسێت "سه‌رۆكى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوده‌نگ بوون كه‌ سه‌دام و شاى ئێران له‌ جه‌زائیر به‌ یه‌ك بگه‌ن و له‌سه‌ر حیسابى نه‌ته‌وه‌ى كورد رێك بكه‌ون. شاى ئێران هاوكات له‌گه‌ڵ ناردنى تۆپى قورس و مووشه‌كى دژه‌فڕۆكه‌ بۆ كوردستان و له‌ دژیان، چه‌ندان كه‌مپیشى بۆ خێزانى پێشمه‌رگه‌كان و خه‌ڵكى ئاواره‌ى باشوورى كوردستان له‌ قه‌سرى شیرینه‌وه‌ تا ورمێ كرده‌وه كه‌ كورده‌ ئاواره‌كانى وه‌ك بارمته‌ له‌ده‌ستدا بن كه‌ كۆسپ نه‌خه‌نه‌ به‌ر رێككه‌وتنەكەى له‌گه‌ڵ سه‌دام.

ڕۆژی 26ی 2ی 1975 بارزانی له‌گه‌ڵ د. مه‌حموود عوسمان و موحسین دزه‌یی به‌ره‌و تاران به‌ڕێ كه‌وت، به‌ڵام نه‌یتوانی چاوی به‌ شا بكه‌وێ و ناچار بوو بۆ بینینی محه‌مه‌د ره‌زا شا ماوه‌یه‌ك له‌ تاران بمێنێته‌وه‌. بارزانی له‌ تاران بوو كه‌ شا ڕۆژی 4ی 3ی 1975 چوو بۆ جه‌زائیر تا به‌ نێوبژیوانیی هه‌واری بۆمیدیەن سه‌رۆكی جه‌زائیر، له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن په‌یمانی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌كه‌ی واژۆ بكات. دوای واژۆكردنی كه‌ خه‌نجه‌رێك بوو به‌ هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا له‌پشته‌وه‌ له‌ پشتی كوردیان دا، ڕۆژی 6ی 3ی 1975 شا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئێران و ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه".

هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر، سه‌ركردایه‌تیی سوپای ئێران فه‌رمانی دا به‌ هێزه‌كانی تۆپخانه‌ و مووشه‌ك كه‌ له‌ سنووری ده‌ستكردی عێراق بكشێنه‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ كاك ئیدریس بارزانی له‌ نامه‌یه‌كیدا به‌ مێژووی 7ی 3ی 1975 بۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌نووسێت "برای ئازیز مه‌سعود بارزانیی هێژا.. دوابه‌دوای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان شای ئێران و سه‌دام ڕووی دا، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ستاین دیتمان هه‌موو تۆپه‌ دژه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كشێنرێنه‌وه‌ بۆ خانێ، لێم پرسین گوتیان ئه‌وان هیچ نازانن، ڕه‌نگه‌ بیانگۆڕن، به‌ڵام ئه‌مه‌ درۆیه‌. له‌ محێدینیشم پرسی ئه‌ویش هیچ زانیارییه‌كی نه‌بوو. ده‌بینین هه‌موو تۆپه‌كان ده‌كشێنرێنه‌وه‌ و ده‌برێنەوە‌ خانێ. له‌ ڕێگه‌ی محێدینه‌وه بروسكه‌نامه‌م بۆ باوكم و بۆ ناوه‌ندەكه‌یان ناردووه‌‌، داوامان لێ كردوون هۆی ئه‌و گۆڕانه‌ له‌پڕه‌ ڕوون بكه‌نه‌وه".

له ‌درێژه‌ى نامه‌كه‌یدا كاك ئیدریس بارزانى ده‌نووسێت "مهام پێی گوتم كه‌ سه‌یادییان پێی ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌م بۆ دووپات بكاته‌وه كه‌ ئه‌وان ئێمه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا به‌ته‌نیا جێ ناهێڵن، گوتم كشانه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای جێنه‌هێشتنمانه‌ به ‌ته‌نیا له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا و داخی زۆری خۆمم بۆ ده‌ربڕی و پێم گوتن ئه‌گه‌ر ژیانێكی كه‌رامه‌تمه‌ندمان وه‌گیر نه‌كه‌وت ده‌كرێ مه‌رگ به‌ شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ قبووڵ بكه‌ین".

هه‌روه‌ها گه‌وهه‌رى ده‌ڵێت "له‌ 9ی 3ی 1975 موحسین دزه‌یی كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی چوو بوو بۆ تاران، به‌ نامه‌یه‌كی د. مه‌حموود عوسمان بۆ سه‌ركردایه‌تیی پارتی و باره‌گای بارزانی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان كه‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتى كوردستان و شۆڕشی كوردستان له‌ پیلانه‌كانی دوژمن ئاگادار بكاته‌وه‌ و ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ بگرنه‌ به‌ر".

وه‌ك گه‌وهه‌رى ئاماژه‌ى پێ ده‌كات "سه‌رئه‌نجام محه‌مه‌د ره‌زا شا ڕۆژی 11ی 3ی 1975 له‌ پێنجه‌مین ساڵڕۆژی ڕێككه‌وتنی ئاداری 1970ی نێوان حكوومه‌تی به‌عس و سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كوردستان، چاوی به‌ بارزانی كه‌وت".

ئه‌سه‌دوڵا عه‌له‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی ئێران له‌ یادداشته‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌و دیداره‌ی شا له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌و چاوپێككه‌وتنه‌ له‌و ڕۆژه‌دا دیاری كرا كه‌ شا تۆڵه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ڕێككه‌وتنی 11ی 3ی 1970ی نێوان بارزانی و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆك كۆماری عێراق بكاته‌وه".

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ شێوه‌ى له‌خۆباییانه‌ى شاى ئێران له‌ كاتى پێڕاگه‌یاندنى بڕیاره‌كه‌، وه‌ك تۆڵه‌ى ئه‌و زه‌بره‌ بێت كه‌ به‌ ڕێككه‌وتنى 11ى ئازارى 1970 به‌ ئێران كه‌وت، چونكه‌ وه‌ك به‌ بارزانی گوتبوو چۆن ئێوه‌ به‌رژه‌وه‌ندیتان واى خواست له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئازارى 1970 له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بكه‌ون، ئه‌وا ئیمڕۆش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى ئێراندایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان ڕێك بكه‌وین. هه‌روه‌ك نیگه‌رانیش باڵى به‌سه‌ر شۆڕش كێشا، چونكه‌ له‌لایه‌ك نه‌ده‌زانرا داهاتووى شۆڕش چى ده‌بێ و له‌لایه‌كیش ئه‌و كاته‌ بارزانى له‌ ئێران بوو و ترسى ئه‌وه‌ هه‌بوو ئێران ڕێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌دا بۆ كوردستان.

هه‌ر بۆیه‌ به‌لاى كورده‌وه ئه‌وانه‌ى هاوبه‌ش و هاوكار و به‌شدار بوون له‌و پیلانه‌ شوومه‌دا، تاوانبارى به‌رده‌م مێژووى نه‌ته‌وه‌ى كوردن، لاى هه‌موو تاكێكى كورد به‌ خیانه‌تكارى پله‌ یه‌ك داده‌نرێن. له‌ ده‌رئه‌نجامى ئه‌و سته‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ كورد كرا، به‌شدارانى ئه‌و پیلانه‌ (سه‌دام حوسین و هوارى بۆمیدیه‌ن و محه‌مه‌د ڕه‌زا شا) به‌و ده‌رده‌ چوون كه‌ هه‌مووان بینیمان.

دیدی رۆژنامه میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.