رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له حكوومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بەپێی راپۆرتی بەراوردکاری پلانی هەرێمی ئاستی ئازادی رۆژنامەنووسی له ههرێمی كوردستان بە رێژەی 70% پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگهیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە رەوشی ئازادی رادەربڕین ئاماژهی بهوهدابوو کە ئەمهریکا خۆشحاڵە بە بەرەوپێشچوونی ئاستی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان، ههروهها سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و چەند رێکخراوێك رایانگەیاندبوو کە ئاستی ئازادی رادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
راشیگهیاند: لە میانەی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە بەشی شەشەمی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) هاتووە تایبەت بە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی، کۆمەڵێک ڕێکارمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکردووە، مەبەست لەم رێکارانە پتەوکردنی ئەو کەشی ئازادە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکان تاکو بەپێی یاسا و لەچوارچێوەی ئەرکی ڕۆژنامەگەریدا کاری خۆیان ئەنجام بدەن و هاوکاریی حکوومەت بن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
ههروهها رایگهیاند: لە پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ یازده راسپاردە تایبەتن بە ئازادی رۆژنامەنووسی، دوای ئامادەکردنی ئەو رێکارانە و بەپێی راپۆرتی بەراوردکاری نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەنێوانی ساڵانی 2022 و 2023 رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەمشێوەیە بوو:-
لە ساڵی 2022 تەنیا (1) راسپاردە جێبەجێکراون و (5) راسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، (5) راسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.
لە ساڵی 2023 دا (7) راسپاردە جێبەجێکراون و (1) راسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (3) راسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.
د. دیندار زێباری ئاماژهی بهوهش دا كه بەم پێیە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی بواری ئازادی رۆژنامەگەری لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە رێژەی زیاتر لە (70%) زیادی کردووە و راگەیانراوی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشکەوتنەن، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و گرینگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمە بەم پرسە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.