Erbil 15°C یەکشەممە 12 ئایار 11:23

له‌ هه‌ولێر حاڵه‌تی ئاماده‌باشی بۆ مه‌ترسیی دروستبوونی لافاو راگه‌یه‌نرا

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌ پارێزگا‌ی هه‌ولێر بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو له‌ بارانبارینی چه‌ند رۆژی داهاتوو، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ قاییمقام و بەرپرسانى فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەوا و پێشبینییەکانی کەشناسی کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لە ماوەیەکی کەمدا دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ دەکرێت، ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پێشبینی نەکراو خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:-

یەکەم/ سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان ڕاسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.

دووەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕیوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ئاودێرى، ڕاسپێردران لە پاککردنەوەى ڕێرەى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسیان هەیە ببێتە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.

سێیەم/ سەرجەم لایەن و فەرمانگاکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگی دابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.

چوارەم/ دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارەکانەى کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لەپێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى گۆڕانکارى کەشوهەوا لە ناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەموکوڕى و کەمتەرخەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و ڕوودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازرا، هەریەکه‌ و بە ئاستى بەرپرسیارییەتى خۆى بەرپرسیارە.

پێنجەم/ سەرجەم شار و سیتییەکانى هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.

شەشەم/ ناوەندیی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی تەواو دادەبن.

حەفتەم/ (بەرگریی شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.

هەشتەم/ تیمەکانی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، دابەش دەکرێن بەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکییەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.

لەکۆتایدا دووبارە جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو فەرمانگەکان کرایەوە و داواش لە هاووڵاتییان کرا هەماهه‌نگ و هاوکاری تیمەکان و پابەندی ڕێکارو ڕێنماییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.