ئامانج عه‌بدوڵا سوور
له‌ده‌یه‌ی رابردووه‌وه و بگره زه‌مه‌نێكی دوورتریش تا ده‌گات به ئێستا هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی نزیكن له ئێران و سێبه‌ری هه‌ژموونی ئه‌و ڕژێمه‌یان به‌سه‌ریه‌وه تا دێت ته‌نگژه و ناكۆكی و شه‌ڕ و به‌رپابوونی جه‌نگ پتر له‌نێویاندا قوڵتر ده‌بێته‌وه.
به‌گوێره‌ی رای چاودێرانی سیاسی، ئێران له ناوچه‌كه‌دا شه‌ڕێكی به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه ده‌بات، جه‌نگێك له شێوه‌ی تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌ییه‌وه له سووریاوه درێژده‌بێته‌وه بۆ عێراق و سووریا و تا ده‌گات به لوبنان، له‌نێو كۆی ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی رژێمی ئێران خوڵقاندوویه‌تی، جگه له‌وه‌ی له ناوخۆی ئێران خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه و ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌ی مایه‌پووچ كردووه، هاوكات بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ نه‌هامه‌تی هه‌موو ئه‌و زۆنانه‌ی كه بوونه‌ته قوربانی ئه‌م شه‌ڕه به وه‌كاله‌ته‌ی رژێمی ئێرانی هێناویه‌ته كایه‌وه.
سیاسه‌تی فراوانخوازی ئێرانییه‌كان، له‌لایه‌كه‌وه گه‌لانی ئێران باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و له لایه‌كه‌ی تریشه‌وه هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێرهه‌ژموونییه‌وه، بۆیه ده‌بینین گه‌لانی ئێران له‌وپه‌ڕی ژیانی كۆله‌مه‌رگیدا و له دۆخێكی پڕ له فۆبیادا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، به جۆرێك دیمه‌نی قه‌ناره له شه‌قامه گشتییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا شكلی سه‌پاندنی ترس و تۆقاندن و چێوه‌كردنی دیموكراسی و له‌نێوچوونی ئازادی بیرورای لێ كه‌وتۆته‌وه.
له‌نێوجه‌رگه‌ی شاره كوردییه‌كان رۆژهه‌ڵاتدا گه‌نجی كوردی بێ‌تاوان به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه و به ڕۆژی ڕووناك له‌سێداره ده‌درێن و زۆرجار ته‌رمه‌كانیشان راده‌ستی كه‌سوكاریان ناكرێته‌وه، تاكه هۆكاری له‌سێداره‌دانیان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه كوردن و خواستیان بۆ ئازادییه كه سه‌ره‌تاییترین خواستی مرۆڤه.
له ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ش كه ئێران ده‌ستی تێوه‌رداون و به‌نێوی پلانی هیلالییه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ردا فه‌رزكردوون، تا دێت دیموكراسی و ئازادی له‌ژێر گوشار و مافی مرۆڤ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌دایه، هه‌ژاری و بێكاری و به‌ریه‌ككه‌وتن و شه‌ڕی تاییفی و گه‌نده‌ڵی به‌رۆكی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی گرتۆته‌وه.
له دوای رووخانی رژێمی به‌عسی دیكتاتۆره‌وه له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه، رژێمی ئێران هه‌لی قۆسته‌وه و له ڕێگه‌ی گرووپ و قه‌واره موالییه‌كانیه‌وه ده‌ستی وه‌ردایه عێراق و كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری عێراقی له‌به‌ین برد، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه رژێمی ئێران خواستی بۆ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌شاردۆته‌وه و هه‌رجاره و له‌رێگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه دوژمنایه‌تی بۆ ئه‌م هه‌رێمه وه‌ك ئه‌جندایه‌ك له به‌غداوه ته‌وزیف ده‌كات.
هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی گه‌شه‌سه‌ندنی دیموكراسی و ئازادییه و مایه‌ی سه‌قامگیرییه له ناوچه‌كه‌دا، هیچ كات هه‌ڕه‌شه نه‌بووه بۆ سه‌ر دراوسێكانی، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونه دیموكراسییه هه‌رگیز ئاماده‌نه‌بووه به‌شێك بێت له ئه‌جندای شه‌ری به‌وه‌كاله‌تی ئێران و به‌شێكیش نییه له‌و ته‌نافه جاڵجالۆكه‌یه‌ی پڕ له ئاشووب و ئاژوه‌یه‌ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا به‌رپای كردووه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه روانگه‌ی دوژمنكارانه و داگیركه‌ریه‌تی به‌رامبه‌ر به كورد وای كردووه به هه‌گبه‌ی پیلانگێڕییه‌وه رووبه‌ری ئه‌م ئه‌زموونه گه‌شه‌سه‌ندووه ببێته‌وه.
سه‌ره‌تا پیلانی دوژمنكارانه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان به گوشاری ئابووری ده‌ستی پێ كرد، ئه‌و كاته‌ی له ڕێی هه‌ژموونی خۆیه‌وه له به‌غدا بڕیاری بڕینی قووتی خه‌ڵكی كوردستان درا و بودجه و هه‌رێمی كوردستان له ده ساڵی رابردوودا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌وه بڕدرا.
به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌شێوه‌ی پیلانێكی رێكخراو و یه‌ك له دوای یه‌ك گوشاری خسته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به جۆرێك ته‌نانه‌ت له ڕێی سێبه‌ری میدیاییه‌وه شه‌ڕی واته واتی ده‌روونی رووبه‌رووی خه‌ڵكی كوردستان كرده‌وه له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌یان میدیای سێبه‌ری كۆمه‌ك كرد و دایمه‌زراند.
واوه‌تر رۆیشت و له گه‌ڕێكی تری ئه‌م پیلانگیرییه‌یدا، په‌نای به یاسای ساخته گرت و ئه‌مجاره له ڕێگه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی كه خودی دادگه‌كه شه‌رعییه‌تی ده‌ستووری له ده‌ستداوه هه‌وڵ ده‌دات به یاسای داتاشراو و ساخته رووبه‌رووی ئه‌م ئه‌زموونه ببێته‌وه و له‌مباره‌یه‌شه‌وه دادگه‌ی فیدڕاڵی قسووری نه‌كردووه و له هه‌ر شوێن و زه‌مه‌نێكدا بۆی بڕه‌خسێت دژایه‌تی ئه‌م قه‌واره ده‌ستوورییه‌ی نه‌شاردۆته‌وه و به ناوی یاساوه به‌یانی ئه‌كات.
هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ پچووكردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه و بگره له به‌ین بردنییه‌تی، بۆیه له‌لایه‌ك هه‌وڵ ده‌دات ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان له‌رزۆك بكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه درێغی ناكات بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێگاكانی تر بۆ دژایه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ی كه تێرمی دیموكراسی و فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه له ناوچه‌كه‌دا.
دواجار كه ئه‌وه‌ی بۆ ساغ بووه‌وه ئیراده‌ی گه‌لی كورد نابه‌زێ له دواین هه‌وڵی دوژمنكارانه‌یدا به مووشەکی درۆنی هێرشی كرده سه‌ر پایته‌خی هه‌رێمی كوردستان و بێڕه‌حمانه مناڵی ساوا‌و هاونیشتمانی سڤیلی به ئامانج گرت، رژێمی ئێران له ڕێی دژایه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت به‌هه‌موو جیهان بڵێت كه هیچ سیستمێكی گه‌شه‌سه‌ندووی دیموكراسی و پلۆرال و ئازادی و مافی مرۆڤ له ناوچه‌كه‌دا قبووڵ ناكات و به هه‌موو هێزی خۆی رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه.
هه‌ر بۆیه رای زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاران ئه‌وه‌یه، له ئیستادا له‌مسه‌ری جیهان تا ئه‌و سه‌ری له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی ئاژاوه‌گێری ئێراندایه، ئاخر له هه‌ر جێیه‌كی ئه‌م دنیایه په‌ڕگیری و توندئاژۆیی و ئاژاوه به‌دی بكرێت، به‌شێكه له‌و ئه‌جه‌ندایه‌ی كه رژێمی ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و به‌رپای كردووه و دواجار هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.