Erbil 6°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 09:28

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر پاره‌ی بایه‌عی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێکه‌وه‌ هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك (بایعی) دەخورێت.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:-

یەكەم : بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێکەوتی 23/10/2022 ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا كە لەو ڕێكەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە {داهاتی سەبەتەی خۆراك} درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ، لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەمشێوەیە بە پێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە:-

•  بڕی یەك ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

•  بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوه‌بەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك {بایعی} لە هەرێمی كورستان كە {371} فەرمانبەرن بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوه‌بەرایەتی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە {241} فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە {سایلۆكان} كە {356} فەرمانبەرن بڕی نەود و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە {ئاشەكان} كە {196} فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەرێمی كورستان كە {310} فەرمانبەرن بڕی حەفتا و حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بازرگانی كە {85} فەرمانبەرن بڕی بیست و سێ ملیۆن و پێنج سەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون كە {85} فەرمانبەرن بڕی دوانزە ملیۆن و شەست و دوو هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی دیوان كە {165} فەرمانبەرن بڕی سی و دوو ملیۆن و دوسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

•  پاداشتی نوسینگەی جەنابی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەری بەڕێوەبەرە گشتییەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار وەردەگرن.

•  تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تا ئێستا 10 سەبەتە دابەشكراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنیا هەشت بەش دابەشكراوە.

سێهەم: لەبەر گرینگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەسولایەن و ڕۆژنامەنووس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بە مەبەست ڕای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.