Erbil 2°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:42

شاندی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپی، پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە كۆبووەوە

کوردستان TV
100%

لە بەردەوامیی سەردانەكەیاندا بۆ ئەمەریكا، ڕۆژی هەینی 2024/2/9 شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) ئەنجامدا بۆ گۆڕینەوە‌ی بیروڕا دەربارەی دوا پەرەسەندنەكان و برەودان بە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریكادا.
‎كۆبوونەوەكان لەگەڵ هەر یەك لە ئامۆس هۆكستا‌ین گەورە ڕاوێژكاری سەرۆك بایدن بۆ كاروباری وزە و وەبەرهێنان لە كۆشكی سپی، ئەزرا زیا، بریكاری وەزیری دەرەوە بۆ ئاسایشی سڤیل، دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، دانیێل شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڤیكتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك، بەڕێوە چوون.
‎لە كۆبوونەوەكاندا پرسی وزە و گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، دۆخی پێكهاتەكان و ئاوارەكان، ئازادیی ڕادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شەنگال، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی پێشمەرگە، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ لە غەززە و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەیەوە كرا.
‎شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێكهاتوون لە فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوە و نیاز ساڵح مستەفا ،بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆكایەتی، بە یاوەریی خاتوو تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن، بۆ دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی لە سەردانێكی چەند ڕۆژیداین بۆ ئەمەریكا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.