Erbil 5°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 00:47

بەلاغی کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی نوینەرایەتیيەکانی حکوومەتی هەرێم

کوردستان TV
100%

دوای گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی پێکهاتەی نوێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە، سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە رێکەوتی 28/1/2024 تاكو 1/2/2024 لە هەولێری پایتەخت بەسترا.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفڕانس سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و نووسینگەی سەرۆکی هەرێم و دیوانی سەرۆکایەتی و بەرپرسانی حکوومی و حزبی و نێردە دیپلۆماسیيەکان و نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتیيەکان و کەسایەتی سیاسی و ژمارەیەک باڵیۆزی پێشوو بەشداریيان تێدا کرد.

هەر لە یەکەم رۆژی کۆنفڕانسدا، دوای کردنەوەی بە وتاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دوو پانیڵی جیاوازدا تيشک خرایە سەر پێگەی ئابووری و سیاسی هەرێم و دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان وەک فاکتەری پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

لە رۆژانی دووەم تا پێنجەمی کۆنفڕانس، لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراودا، دوای خوێندەوەی راپۆرتی نوێنەرایەتییەکان، چەندین تەوەری گرینگ لەلایەن بەرپرس و کەسانی پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر دۆخی هەرێم و بەغدا و دۆخی ئاسایش و پرسی چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی حکوومەت و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوەکانی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماددەی 140 کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر رۆڵی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و گەیاندنی پەیام و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

رەهەندێکی تری کۆنفرانس بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی و خستنەڕووی گرفت و ئاستەگەکانی بەردەم نوێنەرایەتییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و هەنووکەیی و درێژمەودا بۆیان، هەروەها بەستنەوەی نوێنەرایەتییەکان بە پێکهاتەی نوێی فەرمانگە و شێوازی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و یەکخستنی یەک گوتاری و خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی و بەشداریپێکردنیان لە پرس و بۆنە نیشتیمانییەکان تاوتوێ کرا.

کونفڕانس هەڕشە و مووشەکبارانکردنی بی پاساوەکان بۆ سەر خاک و هاووڵاتییانی هەرێم سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات کە خاکی هەرێمی کوردستان نەبێت بە گۆرەپانی یەکلاکردنەوەی ململانیی ئیقلیمی و جیهانی. کۆنفڕانس جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئاشتیخوازە و هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی هیچ لایەک و خوازیاری پەیوەندی بەهێزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ. هاوکات جەخت لە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان کرانەوە و پشتگیری لە شاندنی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەخۆران دەربڕی، وە هەروەها فراوانکردنی پەیوەندیی کەلتووری و ئابووری و زانستی لە چوارچێوەی فراوانکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییەکان جەختی لەسەر کرایەوە.

لە کۆتاییدا کۆنفڕانس کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی خستەڕوو کە دەرهاوێشتەی گفتوگۆی چڕ و ئاڵوگۆری بیرورابوون لەنێوان ئەندامانی کۆنفرانس کە دواجار بە مەبەستی پەسەندکردن و جێبەجیکردنیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە.

کۆنفڕانس سوپاسی بێپایانی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەکات لەبەرامبەر پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم، هەروەها سوپاس بۆ سەرجەم ئەو بەرێزانەی کە لە رۆژانی کۆنفرانس بە پێشکەشکردنی بابەتە گرینگ و پڕ زانیارییەکانیان بەشداربوون. سوپاس بۆ دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە هاوکاربوون لە داڕشتنی کارنامەی کۆنفڕانس. سوپاس بۆ دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کە پاڵپشتی تەواوبوون بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی کۆنفڕانسەکە. سوپاس بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری و تیمی راگەیاندن و بەشی پڕۆتۆکۆل لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران کە هەر لەسەرەتاوە خەمخۆرانە هاوکار و هەماهەنگ بوون. سوپاس بۆ دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم کە لە رۆژانی کۆنفڕانس لە دابینکردنی ئاسایش لە ئەرکدابوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.