Erbil 6°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 21:22

شاندى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سيناتۆر و كۆنگرێسمانی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌

کوردستان TV
100%


له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ ئه‌مه‌ريكا، ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 2024/2/7 شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌ جيا له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌كه‌ له‌  ‌سیناتۆر بیڵ هاگەرتی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سینات، مایك تێرنەر، سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، سیناتۆر تێد بەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات، سیناتۆر جۆ مەنچین، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات، سیناتۆر كریس ڤان هۆڵن، ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە سینات و سیناتۆر جۆنی ئێرنست، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات، كۆبوونه‌وه‌.

له‌ ديدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا شاندى سه‌رۆكايه‌تى دۆخى گشتيى هه‌رێمى كوردستان و عێراقيان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه‌، ‌گفتوگۆيان كرد.

پشتگيريى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ شانده‌كه‌ سوپاس و پێزانينى بۆ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا دووپات كرده‌وه‌. لاى خۆيانه‌وه‌ لايه‌نى ئه‌مه‌ريكى ستايشى‌ دۆستایەتی و هاوبه‌شيی هەرێمی کورستانیان لەگەل ئەمه‌ریکا کرد و بە گرنگەوە باسی ئازاديى ئايينى و پێكه‌وه‌ژيانى پێكهاته‌ جياكانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و كولتوورى فره‌يى و هه‌مه‌ڕه‌نگى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌رز نرخاند.

تاوتوێكردنى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان بوو، بۆ ئێواره‌ش شاندى سه‌رۆكايه‌تى، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق، بانگهێشتى خوانێك كرا كه‌ له‌لايه‌ن ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكييه‌وه‌ بۆ شانده‌كه‌ ساز كرابوو.

شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكايه‌تيى فەوزی هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى، له‌ فه‌لاح مسته‌فا ياريده‌ده‌رى سه‌رۆك بۆ كاروبارى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و نياز ساڵح مسته‌فا به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ديپلۆماسى له‌ سه‌رۆكايه‌تى پێك دێت و خاتوو تریفه‌ عه‌زیز نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ واشنتۆن، ياوه‌رييان ده‌كات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.