Erbil 14°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 12:49

پلاسخارت سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ و هێرشه‌كانی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چی گوت؟

کوردستان TV
100%

نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ته‌وه‌رێكی گوتاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌می له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌ نیویۆڕك تایبه‌ت كرد به‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بودجه‌ و مووچه‌ و هه‌روه‌ها هاژه‌كبارانه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی كرد.

جینین پلاسخارت نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌باره‌ت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گوتی: به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا گرفته‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رده‌وامن و گرفته‌كانیش زیاتر ته‌كنیكین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.

گوتیشی: به‌هۆی نه‌ناردن و دواكه‌وتنی پاره‌وه‌، هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ تووشی كێشه‌ و زه‌حمه‌تی زۆر ده‌بنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاژه‌كبارانی سوپای پاسدارنی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر، جینین پلاسخارت گوتی: چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ ئێرانه‌وه‌ هاژه‌كبارانی شاری هه‌ولێر كرا، به‌هۆی هاژه‌كبارانه‌كه‌ چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سڤیل گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌داخه‌وه ‌یه‌كێك له‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ست دا منداڵێكی بچووك بوو.

هه‌روه‌ها گوتی: هاژه‌كبارانه‌كه‌ له‌ كاتێكدابوو كه‌ چه‌ند مانگێك بوو له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و ئێرانه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێك خرابوونه‌گه‌ڕ بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی له‌نێوانیان هه‌رسێ لا.

نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش رابگه‌یه‌نم كه‌ بۆردومانه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامییان هه‌یه‌ و رۆژانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ هاژه‌كبارانی ناوچه‌كان ده‌كرێت.

له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراقیش، پلاسخارت داوای له‌ هه‌ردوولا كرد دان به‌خۆیاندا بگرن، چونكه‌ ئێستا عێراق له‌ بارودۆخێكی زۆر هه‌ستیار و تایبه‌ت دایه‌‌، داواشی كرد به‌په‌له‌ سه‌رجه‌م هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر یه‌كتر بووه‌ستێنن.

له‌ كۆتاییدا نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای كرد كه‌ دوای 5 ساڵ كاركردن له‌ عێراق، پێیوایه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ئاداری داهاتوو كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كه‌ی دێت، نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ ‌جێهێشتنی عێراق بۆ ئه‌وه‌ كارێكی قورس و زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوودا له‌ خۆشی و ناخۆشی له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كان بووه‌ و ئیتر ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ئه‌و.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.