Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 09:03

خۆ چارەسەرکردن بە دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشک چییە و بۆچی مەترسیدارە؟

darman
کوردستان TV
100%


ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆ چارەسەرکردن بە دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەرمانساز یان پزیشکی پسپۆڕ چیە و بۆچی مەترسیدارە ده‌درێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 5ی2ی2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵی جۆری ده‌رمان بڵاویكرده‌وه‌، بەکارهێنانی دەرمان سەربەخۆ و بێ پرسکردن و گەڕانەوە بۆ کەسانی تایبەتمەند لە هەڵە باوەکانی ڕۆژانەمانن، بۆ نموونە؛ وەرگرتنی دەنکۆڵە (حەب) ی گەدە یاخود لەکاتی تووشبوون بە هەڵامەت و بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەگی (بەکتریا) لە نۆرینگەی لاکۆڵان و دانانی دەرزی تێکەڵە بە مەبەستی چارەسەری خێرا، بێئاگا لەوەی ئەم شێوازی چارەسەرییە بە هیچ شێوەیەک تەندروست نییە و کاریگەری لاوەکی و دەرئەنجامی مەترسیداری هەیە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، خوود چارەسەری بە دەرمان بەبێ ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕ تەنانەت بۆ نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی و پەتا وەرزیەکان دەتوانن ببنە هۆکاری دروستبوونی مەترسی گەورە لەسەر ژیانی نەخۆش، بەشێک لە هاوڵاتییان مەیلیان زۆرە بۆ خوود چارەسەری وەک دەرمانەکانی ئازارشکێن، گیراوە (شروب)ی کۆکە، دژە بەکتریاکان، دەرمانی دژە هەستیاری و زۆر جۆری تر کە ئاسان دەست دەکەون. بەڵام ئەوەی ئێمە درکی پێناکەین کاریگەریە لاوەکیەکان و تووشبوونە بە هەستیاری و ئاڵوودەبوون و چەندان لێکەوتەی تر.
 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵی جۆری ده‌رمان راشیگه‌یاندووه‌، دیارترین مەترسیەکانی بەکارهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پسپۆڕانی تەندروستی ئەمانەن:-

1-دەستنیشانکردنی نەخۆشی بەشێوەیەکی هەڵە.

2-هەڵبژاردنی چارەسەری هەڵە و وەرگرتنی ژەمە دەرمانی نادروست.

3-درەنگ کەوتن لە وەرگرتنی ڕاوێژ لە پزیشکانی پسپۆڕ و چارەسەری دروست.

4- زۆرتر قوڕسبوونی ئەو حاڵەتەی نەخۆش هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.

5- شاردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیە سەختەکان.

6-کاریگەریە لاوەکییەکانی دەرمان و کارلێککردنیان.

7-ئاڵوودەبوون بە بەکارهێنانی دەرمان.

 له‌ كۆتاییدا هۆشداری به‌ هاوڵاتییان دراوه‌ كه‌  با هەمیشە دەرمانخانەکان شوێنی دابینکردنی دەرمانەکانت بن لەبەر ئەوەی تەنیا شوێنی باوەڕپێکراو و یاساین بە وەرگرتنی دەرمانێکی دروست و وەرگرتنی ڕێنمایی پێویست لە دەرمانسازان.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.