د. کامەران ڕهسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، دهپرسێت ئایا خواردنی نان دەبێتە هۆی قەڵەوی؟ کۆمەڵێک زانیاری گرنگ دەربارەی نان ڕووندهكاتهوه.
د. كامهران ڕهسوڵ ژاژڵهیی، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك رایدهگهێنێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باس له زیانەکانی نان دەکرێت وەک هۆکارێکی سەرەکی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی تر، وای لێهاتووە کە مرۆڤ بەردەوام بە ترسەوە لە نان بڕوانیت و بە گومانەوە بیخوات یا گەر بتوانێت وازی لێ بێنت.
1- ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی واتە ئاردی سفر و هەموو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروست بکرێت، چونکە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلیین دەکرێت و هەر سێ پێکهاتووەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێک دا ئاردی سپی تەنها لە ( Endosperm ) دروست دەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نیە .
2- نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نیە، واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش ، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، هەروەها بە هۆی کەمی ماددە ڕیشاڵیەکان و بەرزی ( glycemic index ) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر ئەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی دەکات .
3- بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە ( 178 گرام )، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت ، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لە یادمان نەچێت کە خۆراکی تری وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە.
4- له ههرێمی كوردستان، نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت کاتێ کە گەرم بێت ونانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
5- ڕێژەیەکی دیاری کراو لە دانیشتووان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی ( % 7 ) دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نیە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە ، پێشتر لە پۆستێک دا ئەم حاڵەتە نیشانەکانی و شێوازێ چارەسەرکردنیم بڵاوکردۆتەوە .
6- بوونی ڕەشکەو شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بوور سوودەکانی زیاد دەکات ، هەروەها بە کارهێنانی خومرە لە بری سۆددە بژاردەیەکی زۆر تەندروستە.
7- گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە کالۆری لە ڕۆژێک دا، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی ساددەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری دروست کراو و شیرینی بڕێکی زۆر لە کاربی تێدایە لە هەمان کات دا دەبێتە هۆی زوو برسی بوونەوە ، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە ، کەس نیە بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەوبێت بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە ئەژمار بکرێت .
8- لە کۆتایی دا کاتی ئەوە هاتووە کە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت ڕۆژانە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.