Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 12:48

ئەو ڕێگایانە چیین کە ھۆرمۆنەکانی (خۆشبەختی و ئازار شکاندن) له‌ له‌شی مرۆڤ زیاد دەکەن؟

کوردستان TV
100%

پسپۆڕێك له‌ زانستی ئازار و به‌نج باس له‌و ڕێگایانه‌ ده‌كات كه‌ هۆڕمۆنه‌كانی خۆشبه‌ختی و ئازار شكاندن له‌ له‌شی مرۆڤ زیادده‌كه‌ن.

د.هه‌ڤین كه‌مال شاه‌ محه‌ممه‌د پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، به‌ چه‌ند خاڵێك باس له‌و ڕێگایانه‌ ده‌كات كه‌ هۆڕمۆنه‌كانی خۆشبه‌ختی و ئازارشكاندن له‌ له‌شی مرۆڤ زیادده‌كات، به‌م شێوه‌یه‌ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌: 

1- وەرزش کردن : یەکێکە لە باشترین ڕێگاکانی بەکاردێت بۆ زیادکردنی ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین و ئیندۆرفین بەمەرجێک ڕۆژانە بێت و بۆ ماوەی( 20 -30 ) خولەک بێت . ھەر کاتێک ھەستت بە بێتاقەتی کرد دەتوانیت پیادەڕۆی بکەیت لەکەشێکی کراوەو لەناو سروشتدا ، یاخود بڕۆیت بۆ جێم و وەرزشکردنی بە کۆمەڵ . 

2- خەوتنی تەواو لە کاتی شەودا . 

3- خواردنی نەستەلەی ڕەش و ئەو شوکۆلاتانەی تەندروستن . شکولاتەی تۆخ دەردانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکات ، ھەوکردن کەمدەکاتەوە، پەستانی خوێن دائەبەزێنێت، تەندروستی خوێنبەرەکانیش دەپارێزێت . خواردنی (2-3)جار لە ھەفتەیەکدا سوودی زۆرە بۆ تەندروستی . 

4- خواردنی کاربۆھیدراتە باشەکان وەکو : دانەوێڵە تەواوەکان، برنجی بۆر ، شەوەفان، تۆستی بۆر ، ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین زیاد دەکەن و مرۆڤ دڵخۆش دەکەن. 

5- خواردنی میوەی جۆراوجۆر بە بەردەوامی وەکو : ئەنەناس ، گێلاس ، مۆز ھەروەھا سەوزەوات و ماسی کاریگەریەکی زۆریان ھەیە لەسەر دەردانی ھۆرمۆنەکان . 

6- دوورکەوتنەوە لە خواردنی خواردەمەنیە موعەلەب و خێراو فاست فودەکان کە دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم ھۆرمۆنانە لە لەشدا . 

7- واز ھێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلە کێشان . 

8- ئەو خواردنەوانەی ماددەی کافائینیان تیادایە، دەبێت بە ڕێژەیەکی ھاوسەنگ بخورێتەوە ، وەکو چا ، قاوە ، خواردنەوە گازییەکان . 

9- دوورکەوەرەوە لە کێشی زیاددە و قەڵەوی. 

10- ئاو یەکێکە لەباشترین خواردنەوەکان، دوور کەوەرەوە لە خواردنەوە زیانبەخشەکان وەکو ئەلکھول و خواردنەوە گازییەکان .

11- لەھەندێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەووتوە کە پیاسەکردن بە سەگ یاخود پشیلە بۆ ماوەی15 خولەک کاریگەریەکی باشی ھەیە بۆ زیادکردنی ڕژانی ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین و پرۆلاکتین و ئۆکسیتۆسین، ھەروەھا ھۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ کەمدەکاتەوە کە بەرپرسە لەستریس و دڵەڕاوکێ و قەلەقی ، بینراوە بەخێوکردنی ئاژەڵ بە گشتی خەمۆکی و تەنیایی کەمدەکاتەوە و فشاری خوێن دائەبەزێنێت و ڕەشبینی کەمدەکاتەوە . 

12- ڕۆشتنە بەر خۆر ڕۆژانە و لەکاتی گونجاودا یارمەتی دروستبوونی ڤیتامین (دی)دەدات لە لەشدا، کەئەمیش ڕۆڵی ھەیە لە دروستبوونی ھۆڕمۆنی دۆپامین و ئەسیتایل کۆلین و نۆڕ- ئیپینفرین . ڤیتامین دی جگە لە تیشکی خۆر لەھەندێک خۆراکیشدا ھەیە وەکو: ھەندێک جۆری ماسی ، ڕۆن ماسی، زەردێنەی ھێلکە، شیرەمەنیەکان و دانەوێڵە تەواوەکان . 

13- یۆگا و میدیتەیشن: میدیتەیشن دەروونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوەو کاریگەری ھەیە لەسەر ڕژێنە نوخامییەکانی مێشک و دەردانی ئیندۆرفین کە ھۆرمۆنی دڵخۆشی وئازار شکاندنە دەدات . ھەروەھا یارمەتی حەسانەوەو چاک بوونەوەی سروشتی و کەمکردنەوەی بێتاقەتی و خەمۆکی دەدات و ئازار کەمدەکاتەوە .

14- خواردنی ڤیتامین (بی)یەکان: ڕێژەی دۆپامین و سیرۆتۆنین و نۆر ئیپینفرین لە لەشدا زیاد دەکات ، دەتوانرێت بەشێوەی سەپڵیمێنت بخورێن یاخود لەھەندێک خۆراکدا وەکو : گۆشتی سوور ، دانەوێڵە تەواوەکان ، برنجی بۆر، سپێناغ، برۆکۆلی..ھتد . 

15- پێکەنین: بینراوە ئەو کەسانەی لە دڵەوە پێدەکەنن ھۆرمۆنی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین زیاد دەکات ، بەڵام پێکەنینی دروستکراو ھەمان کاریگەری نیە ، بۆیە لە کاتی ئازار و دڵتەنگیدا شتێکی باشە سەیری ڤیدێۆیەکی ھەزەلی بکەیت یاخود چیرۆکێکی کۆمیدی بخوێنیتەوە . 

16- ترس: بینراوە ھەستکردن بەترس ڕێژەی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکات ، ھەر بۆیە ئەو کەسانەی کەسەیری فلیمە ترسناکەکان دەکەن بینراوە لە دوایدا دڵخۆش دەبن . 

17 - بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانەو گەشبینی ڕێژەی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکەن . 

18- خواردنی بیبەری سووری توون و زۆربەی زۆری بەھاراتەکان وەکو: زەردەچەوە ، ئاڵەت ، زەنجەفیل ڕێژەی ئیندۆرفین لە لەشدا زیاد دەکەن. 


ژێده‌ر - ڕاگەیاندنی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.