بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگە، کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارەمین ڕۆژی کارەکانیدا تیشکی خستە سەر بابەتەکانی پەیوەست یاساو پەسندکردنی بەڵگەنامەکان و ژینگەو گۆڕانی کەش و هەواو مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەیوەندی کەلتووری و هونەری و ڕۆشنبیری.
لە پانێلی یەکەم دادوەر بەدرەدین کەریم دادوەری داواکاری گشتی و سەرپەرشتیاری یەکەی ڕادەستکردنی تۆمەتبارو تاوانباران و عهبدوڵڕهزاق جەلال بەڕێوەبەری پەسندکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە وەزارەتی داد بەڕێوەچوو.
میوانان بەشێوەیەکی وورد تیشکیان خستە سەر ئەو دوو تەوەرە و ڕوونکردنەوەی پێویستییان پێشکەش بە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم کرد و ئاماژەیان بە خزمەتگوزارییەکان، میکانیزمە یاساییەکانی پەسەندکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و کاری تیمی پێشکەشکرد.
لە پانێلی دووەم د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی باسییان لە پرسەکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوون بە یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بیروڕای ئازاد کرد، هاوکات تیشک خرایە سەر هەوڵەکان لەچوار چێوەی بەرنامەی کاری حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی باس لەوە کرا کە چەندین دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگەکان کراون و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
پانێڵی سێیەم تەرخان کرابوو بۆ پرسی ژینگەپارێزی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بۆ هەرێمێکی ژینگە دۆست، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو بەڕێزان بەیان سامی عهبدولڕهحمان ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ گۆڕانی کەش و هەواو عهبدولڕهحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەتێروتەسەلی تێڕوانینی حکومەتی هەرێمیان سەبارەت بەم دوو پرسەو هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمیان لەڕووی کردەنی خستەڕوو.
هاوکات شیکارییەکی پوختیان لەبارەی گۆرانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی، هەروەها کردار و ستراتیژییەکان بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان خستەڕوو.
چوارەم پانێل پەیوەست بوو بە فراوانکردنی پەیوەندییە کەلتووری و ڕۆشنبیریەکان و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆو ناوەندەکانی خوێندن لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستە کۆنفڕانس میوانداری بەڕێزان محمد سەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و د.کارزان کەریم ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری پەروەردەو خوێندنی باڵاو د. ئامانج عهبدوڵڵا ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد.
لەم پانێڵەشدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە تێڕوانینی حکومەت بۆ ئەو پرسانەو هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە بۆ پێشخستن و پتەوکردنی پەیوەندییە کەلتووری و زانستییەکان و خوێندنی باڵا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.
پانێلی پێنجەم پەیوەست بوو بە کاروباری ناوخۆی فەرمانگەو پێکهاتەی تازەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێزان ڕاوێژکار هەڵگورد ساڵەیی و ڕاوێژکار د. سامان سۆرانی بەوردی تیشکیان خستە سەر ئامانج و گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی تازەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ئامانج تێیدا بە دامەزراوەیی کردنی زیاترو باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانی فەرمانگەیە. هاوکات تیشک خرایە سەر ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی و بەرنامەو ستراتیژیەتی ئەم ناوەندە خرایەڕوو.
لە تەواوی پانێڵەکاندا وێرای سوپاس و پێزانین بۆ ناوەڕۆکی بابەتە بە نرخەکان نوێنەرانی حکومەت پرسیارو سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ئەو بابەت و پرسانە دەخستەڕوو کە لە پانێڵەکان پێشکەش دەکران.
لە کۆتاییدا سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سوپاسی سەرجەم بەشداربووانی کردو هیوای خواست ناوەڕۆکی بابەتەکان بەهەند هەڵبگیرێن کە سەرجەمیان جێگەی بایەخن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ژینگەو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هاوکاری و هەماهەنگی زانستی و فەرهەنگی و کەلتووری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.