Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 22:24

سوودانی بڕیاری دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆڕ بكات

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڕیاری دا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێك بهێرێت و ئه‌نجامده‌رانیش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بێت، به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێ.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شكاندا هاتووه‌: محه‌مه‌د شیاع سوودانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بڕیاری دا لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ پێك بهێنرێ.

دره‌نگانی شەوی ڕابردوو لە ڕێگه‌ی دڕۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆر لە شارۆچكه‌ی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و به‌هۆیه‌وه‌ کارەکانی کێڵگەکە راوه‌ستێنرا و هه‌روه‌ها بەرهەمهێنانی کارەباش له‌ به‌شێكی زۆری هه‌رێمی كوردستان ڕاگیرا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌ كه‌ كاری لیژنه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌بێت له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ و دواتریش له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێردا راپۆرتێك بۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

جه‌ختیشی كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر كه‌ له‌ پشت هێرشه‌كه‌وه‌ن و كاریگه‌ری خراپی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی وزه‌ی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگه‌كانی تر دروست ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ، وەزارەتی کارەبای حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاندبوو كه‌ بەهۆی هێرشه‌كه‌ و كەوتنەوەی ئاگر له‌ به‌شێكی كێڵگه‌كه‌دا‌، بەرهەمهێنانی كارەبا راوەستاوە.

وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند‌ "ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا دەكەینەوە كه‌ له‌ كاتژمێر 10:22ی شەوی ڕابردووه‌وه‌ بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە كێڵگەی غازی کۆڕمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیراوه‌، ئەمەش بووەته‌ هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2 هەزار و 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.