Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 06:30

له‌ كوردستانی ئێران نووسه‌رێك و شه‌ش هاووڵاتی كورد ده‌ستگیركران

کوردستان TV
100%


له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كورد ده‌ستگیرده‌كه‌ن.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری میاندواو بە ناوی شەهرام ڕەنجبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ده‌ستگیركرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو كه‌ به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە ناوبراو و بنەماڵەکەی، دەستگیریان کردووەو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هه‌روه‌ها رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایده‌گه‌ێنێت، ئەرسەلان ڕەسووڵی عەمارلوویی ناسراو بە سەرگالیش، نووسەر و ڕۆژنامەوانی کورد و خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستگیركرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی نۆشەهر گواستراوەته‌وه‌.

هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەرسەلان ڕەسووڵی عەمارلوویی، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری تونەکابۆن، بەتۆمەتی "بێڕێزیکردن بە خامنەیی" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

له‌ كۆتاییدا رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، ئەو نووسەرە، هەتا ئێستا چەندین کتێبی لەژێر ناوی "هەستانەوە"، "بەربوونەوەی 57"، "قوتابی تەمبەڵ"، "گەڕانەوە لە قیامەت"، "موناجاتی سەرگالیش" و "مامۆستای قوتابخانە"ی بڵاوکرووەتەوە.


هه‌روه‌ها رێكخراوی هه‌نگاو رایگه‌یاندووه‌، بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان بە ناوی سەلمان ئەفرا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیركرایه‌وه و بۆ شوێنێکی نادیار دەگواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه‌ به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، ئەو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری دەستگیركراوه‌.

هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو زیندانی سیاسییەی پێشوو، لە بەردەستدا نییە.

هه‌روه‌ها رێكخراوی هه‌نگاو رایده‌گه‌ێنێت، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی مەتین حەسەنی  تەمەن 23 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، جارێکی دیکە لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیركرایه‌وه‌.

بەگوێرەی زانیارییه‌كان كه‌ ده‌ست هه‌نگاو كه‌وتووه‌، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە مەتین سەر گۆڕی یەڵدا ئاقافەزڵی کردووه‌ و گرتەڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە، دەستگیركرا.

یەڵدا ئاقافەزڵی، هونەرمەندی ناڕازی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركرا و دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.


هه‌روه‌ها رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایده‌گه‌ێنێت، عیرفان مەحموودی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیركرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

عیرفان مەحموودی کە تەمەن 26 ساڵ و باوکی منداڵێکە، دوای دەستگیركرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستگیركرانی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنەکەی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


له‌ كۆتاییدا رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایده‌گه‌ێنێت، سۆران بەنگینی و شەهرام ئیبراهیمی، هەردووکیان تەمەن 20 ساڵ و خەڵکی گوندی کانی ڕەشی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیركراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

هه‌روه‌ها راگه‌یاندراوه‌، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستگیركرانیان و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.