Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 16:59

پەیامێك لە گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ هاژه‌كبارانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێر و پاساوهێنانه‌وه‌ی ئێران بۆ ئه‌نجامدانی بۆردومانه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌م گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكییەكەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە مووشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لە دژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە.

راشیگه‌یاند: جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكوومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموولایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكییەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لە دژی هاووڵاتییانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە.

پێشه‌وا هه‌ورامانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەكە (نقطه زن و كودك زن - منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لە دژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو، ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆتایی راگه‌یه‌‌نراوه‌كه‌دا ڕاشیگه‌یاند: ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، مووشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە مووشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن مووشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و مووشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.