Erbil 3°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 05:24

حوسییه‌كان دوای هێرشی سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا: هه‌ر هێرشێكی تر وه‌ڵاممان ده‌بێت

کوردستان TV
100%

حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن دوای هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره‌یان بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌ ده‌ریای سوور، رایانگه‌یاند كه‌ هه‌ر وه‌ڵامێكیان له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بدرێته‌وه‌، ئه‌وانیش تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان ده‌بێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌ چه‌ند مووشه‌كێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی و زیانی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاند، هێرشه‌كانیش وه‌ك وه‌ڵامێك بوو بۆ بۆردومانه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌می ڕابردووی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر پێگه‌ی حوسییه‌كان.

یه‌حیا سه‌ریع گوته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حوسی ڕایگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆمان وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ شه‌وی یه‌كشه‌می رابردوو كه‌ هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا كردیانه‌ سه‌ر پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانمان.

ڕاشیگه‌یاند: هێرشه‌كه‌مان به‌ چه‌ند مووشه‌كێكی تایبه‌ت ئه‌نجام دا و به‌ ته‌واوی ئامانجه‌كانیان پێكا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا هه‌ر هێرشێكی تر بۆ سه‌ر پێگه‌كانمان ئه‌نجام بده‌ن، ئێمه‌ش وه‌ڵام و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌مان ده‌بێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌می ڕابردوو هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ و كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانه‌وه‌، 23 هێرشیان كرده‌ سه‌ر پێگه‌ی حوسییه‌كان له‌ چوار پارێزگه‌ی وڵاتی یه‌مه‌ن كه‌ پێكهاتبوون له‌ سه‌نعای پایته‌خت و حه‌دیده‌ و ته‌عز و سه‌عده‌.

هێرشه‌كان به‌هۆی هه‌ڵكوتانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان هاتن كه‌ حوسییه‌كان له‌ ده‌ریای سووردا ئه‌نجامیاندابوو‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا 27 هێرشیان كردبووه‌‌‌ سه‌ر كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان كه‌ باری 50 وڵاتیان تێدا بوو‌، به‌تایبه‌تیش هێرشه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌می هه‌فته‌ی رابردوو كه‌ حوسییه‌كان گه‌وره‌ترین هێرشیان كرده‌ سه‌ر كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ده‌ریای سووردا.

دوای هێرشه‌كانیش، پاتریك رایده‌ر گوته‌بێژی پێنتاگۆن ڕایگه‌یاندبوو كه‌ به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیان‌ هێرشه‌كان ئه‌نجامی باشیان هه‌بوو و زیانی گه‌وره‌یان گه‌یاندووه‌‌.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حوسییه‌كان هه‌ر وه‌ڵامێكیان هه‌بێت، ئه‌وانیش ده‌سته‌وسان نابن و وه‌ڵامی توندیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.