ماڵپەڕی هەواڵی “وەللا”ی عیبری ئاشكرای كردووە كە لە سەرەتای شەڕی كەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە ٤ هەزار سەربازی ئیسرائیلی كەمئەندام بوون.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیسرائیل ئامادەكاری دەكات بۆ وەرگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە سەربازە كەمئەندامەكانی، دوای 100 ڕۆژیش لە جەنگەكە، ئیسرائیل دانی پێداناوە كە نزیكەی چوار هەزار سەربازی كەمئەندامیان هەیە.
هەروەها پێگەكە دەڵێت: بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ئەم ژمارەیە دەگاتە نزیكەی 30 هەزار كەس.
لەو چوارچێوەیەدا سایتەكە پێیوایە كە هێرشەكەی حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەردا ئیسرائیلی گەیاندە شەڕێك كە پێشتر لە ڕووی ژمارەی سەربازە بریندارەكانەوە وێنەی نەبووە، بەڵام لەوەش گرنگتر برینی سەربازەكان زۆر سەختن.
گوتیشی: بەڵام بەهۆی ئەو چاودێرییە تایبەتمەند و كوالیتی بەرزەی كە لەلایەن تیمەكانی فریاگوزاری و پزیشكییەوە پێشكەش دەكرێت، ئەوانەی بە سەختی برینداربوون لە ژیاندا ماون.
ئاماژەی بەوەشكرد، سوپای ئیسرائیل هەموو زانیارییەك لەسەر بریندارەكان ناداتە ڕای گشتی، لە ترسی ئەوەی كە ئەمە ببێتە هۆی دابەزینی مۆڕاڵی خەڵك.
شایانی باسە تا دوێنێ هەینی، ژمارەی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی لە ڕیزەكانی سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە كوژراون، گەیشتە 520 كەس.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە دەڵێت: لە ٧ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەی قوربانی و بریندارانی كەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ 23 هەزار و 708 كوژراو و 60 هەزار بریندار بەرزبووەتەوە.
لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی غەززە 4 هەزار سەربازی سوپای ئیسرائیل كەمئەندام بوون
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.