Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 01:02

هه‌واڵگریی ئێران: 11 كه‌س به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كرمان ده‌ستگیركراون

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی هه‌واڵگریی ئێران ئاشكرای كرد كه‌ 11 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگه‌ی كرمان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ ببووه‌ هۆی كوژران و برینداربوونی 360 كه‌س.

وه‌زاره‌تی هه‌واڵگریی ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاشكرای كرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تا ئێستا 11 كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگه‌ی كرمان له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئه‌حمه‌د وه‌حیدی وه‌زیری ناوخۆی ئیران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتبووی كه‌ چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركردووه‌‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگه‌ی كرمان هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها گوتبووی، ده‌زگه‌ ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران كۆنتڕۆلی بارودۆخه‌كه‌یان كردووه‌ و به‌ چاوكراوه‌ییه‌وه‌ پلانه‌كان بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

ئه‌حمه‌د وه‌حیدی دڵنیاییشی دابووه‌ هاووڵاتییان و كه‌سوكاری قوربانییان كه‌ ده‌گه‌نه‌ تۆمه‌تباره‌كان و ژماره‌یان هه‌رچه‌ندێك بێت ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌می ڕابردوو له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌ڕاسیمی چوارمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، له‌ نزیك گۆڕه‌كه‌ی و له‌نێو ئاپۆڕای خه‌ڵكدا له‌ پارێزگه‌ی كرمان دوو ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ ڕوویان دا.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئاماری قوربانییان بڵاوی كردبووه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كاندا 84 كه‌س كوژراون و 281 كه‌سی تریش بریندار بوون.

هه‌ر له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌، دوێنێ پێنجشه‌م رێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌ فه‌رمی به‌رپرسیاره‌تی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.