پارێزگهی ههولێر بڕیاری دا بههۆی كارهسات و ڕووداوی ئاگركهوتنهوهی ئهم دواییهی حهمدانییه و سۆران، هیچ ئاههنگێك بهبۆنهی كریسمس و شهوی سهری ساڵ له پارێزگهی ههولێر ئهنجام نهدات.
ئەمڕۆ دووشەم به سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر كۆبوونهوهیهك سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2023 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە دیوانى پارێزگه ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر ڕایگهیاند: بەهۆى کارەساتى شارۆچكهی حەمدانیە و ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکى شارى سۆران کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکى دیکەیش بریندار بوون، بۆ ڕێزلێگرتن لە گیانى قوربانیان و کەسوکاریان، ئێمە وەک پارێزگهى هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکى فەرمى تایبەت بە سەرى ساڵى نوێ ئەنجام نادەین، بەڵام هاووڵاتییان و هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگەکان و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئازادن لە سازکردنى ئاهەنگ.
پاشان لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی، ئەرک بەسەر تەواوى هێزە ئەمنییەكان (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێ دەکەن دابەش کرا.
ئومێد خۆشناو تەئکیدى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزار و ئاسایشى بازگەکان کردەوە كه بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى ترەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، ئاسانکاریان پێشکەش بکەن.
ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە فێستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوانى جەماوەرى ئەنجام دەدرێت.
بەهۆى ئەو ئارامى و ئاسایشەى لە هەرێمى کوردستان بەرقەرارە، ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و تەنانەت لە وڵاتانى تریشەوە ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، لە هەموو ساڵێکیشدا ئیدارەى خۆجێیى هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتییەکانی ترى شارى هەولێر بەم بۆنەیەوە دەڕازێنێتەوە کە لە شەواندا جگە لە نیشاندانى جوانی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر، سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.