Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 16:55

دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک بە بەشداری 34 وڵات بەڕێوەچوو

کوردستان TV
100%


دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەمایی لە دهۆک لە 9 تاکوو 16ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوە چوو و 7 هەزار و 917 بینەریش لە ڕەگەز و تەمەنی جیاواز سەیری فیلمەكانیان كردووە.

ئەمیر عەلی، سەرۆكی فیلمەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆك، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "فێستیڤاڵەكە بوارێكی گرنگی ئاڵوگۆڕی كولتوورییە، چونكە 34 دەوڵەت بە فیلمەكانیان لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارییان كرد، ئەمەش تێكەڵبوون و گۆڕینەوەی ئەزموونێكە لە نێوان فیلمسازان و بەرهەمێنەران."

سەرباری قەیرانی دارایی و سستیی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان بە كایەی كولتووری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆك بەردەوام بووە.

حەسەن عارف، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەكە دەڵێت:"حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە بایەخی بەو فێستیڤاڵەی سینەما داوە، لە كارنامەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیریدایە زیاتر گرنگی بەو بوارە گرنگە بدات."

سینەما، بەشێكە لە ڕایەڵی ناساندنی كولتووری و پێشاندانی قووڵاییی فەرهەنگیی هەر گەلێك، هاوكات كاریگەریدانان لەسەر بینەری ناوخۆیی و دەرەكی تاكوو بە هێزی كولتووریی هەر نەتەوەیەك كاریگەر بن.

نیزامەددین ئاریچ، دەرهێنەری بواری فیلم، لەوبارەیەوە گوتی: "بەشداریی 34 وڵات لە فێستیڤاڵەكەدا، وا دەكات چیرۆك و كولتوور و هەست و كێشەكانی هەر وڵاتێكی بەشدار لە فێستیڤاڵەكە پێشان بدرێت و ئەوەش بۆ بینەرانی وڵاتی ئێمە زۆر پێویستە."

دەیەمین فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆك، بە بەشداریی 50 فیلمی كوردی و 66 فیلمی بیانی لە 34 وڵاتەوە بەڕێوە چوو. بەوەش 116 فیلم بەشدارییان تێدا كرد، لە كاتێكدا لە فێستیڤاڵی نۆیەمی ساڵی پاردا 98 فیلم بەشدارییان كردبوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.