Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 16:50

نێچیرڤان بارزانی: ئاڵای كوردستان، هێمای ئاواتی هاوبەشمانە

کوردستان TV
100%

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 2023/12/17 لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی هەڵدانی ئاڵای كوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، نێچیرڤان بارزانی، وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
كەسوكاری خۆشە‌ویست و سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە قارەمانەكان،
هێزەكانی ناوخۆ، پارێزەرانی ئەزموونەكەمان
كوردستانییانی ئازیز لێرە و لە هەر شوێنێكی جیهان بن،
ڕۆژی ئاڵاتان لێ پیرۆز بێت..
لە ڕۆژی پیرۆزی ئاڵای كوردستاندا كە ئاڵاكەمان بەرز دەكەینەوە، با هەر شەكانەوەیەكی لە بەرزاییدا، هێزی بەردەوامیی و پێكەوەییی گەلەكەمان، بە بیرمان بهێنێتەوە.
ئاڵای كوردستان، تابلۆیەكی ڕەنگینە، بە خوێنی شەهیدان و بە ویستی تێكوشان و پێكەوەژیانی هەموو ئەوانەی كوردستان بە ماڵ و نیشتمانی خۆیان دەزانن، نەخشێندراوە.
با ڕەنگەكانی ئاڵاكەمان لە دەروونی ئێمەدا، ویست و بەها باڵاكان وەئاگا بهێنن. ڕەنگی سپی، ویستی دادپەروەری و ئاشتی و پێكەوەژیانە. ڕەنگی سەوز، ویستی ژیانەوە و بەردەوامی و تێكۆشانە. ڕەنگی سوور، ویستی بەرخودان و بەرەنگاربوونەوە و پیرۆزیی خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستانە. با خۆری زەردی سەر ئاڵاكەمان، ببێتە هەوێنی هیوا و ئاوات و ئومێدمان، بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین.
ئەم ئاڵایە، لەگەڵ ئەوەدا كە ئاماژەیە بۆ یەك نیشتمان، یەك بە یەكی دڵانی ئەم نیشتمانەش لە هەركوێ بن بە كورد و بە هەموو پێكهاتەكانی ترەوە پێكەوە دەبەستێتەوە. بۆیە با بەرزكردنەوەی ئاڵا لەمڕۆدا، ئەو پەیمانەش لە دەروونماندا نوێ بكاتەوە كە دووبەرەكی تێپەڕێنین، ڕێزی جیاوازییەكانمان بگرین و پێكەوە نەتەوەیەك بنیاد بنێین كە ببێتە جێی ئومێدی هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. كوردستان ببێتە ماڵی پێكەوەژیان، ببێتە نموونەی لێبوردەیی لەنێو گەلانی ناوچەكە و لە جیهاندا.
ئاڵاكەمان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و سەركەوتنمانە بەسەر بەربەستەكاندا. هێمای بەڵێنمانە بۆ هێنانەدی داهاتوویەكی ڕووناكتر بۆ هەموومان.
كاتێك ئاڵا لە ئاسمانی بێ سنووردا هەڵدەكەین، با لەگەڵیدا ورەمان بەرز ببێتەوە. با هەموو ئەو توانا بێ سنوورانە بە بیرمان بهێنێتەوە كە لە تێكۆشانی پێكەوەییماندا هەن.
با ئەو شكۆیەی ئەمڕۆ هەستی پێدەكەین، هانمان بدات بۆ ئامانجی باڵاتر، بۆ دەسكەوتی گەورەتر، بۆ گیانی پێكەوەیی و سۆزی هاوبەش، بۆ خۆشەویستیی هاوبەشی وڵات و هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. لەژێر ئەم چەترە كۆكەرەوەدا كە سیمبولی ناسنامەی هاوبەشیمانە، با پێكەوە بەرەوەپێش بڕۆین، بەهێزتر و بەگوڕتر، بۆ ئەوەی مەزنیی نەتەوەكەمان لەسەر لاپەڕەكانی مێژوو تۆمار بكەین.
لەم ڕۆژەدا سڵاو لە گیانی پیرۆزی هەموو ئەو نەمرانەی لەژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا بۆ ئازادی گیانیان بەخشی.
سڵاو لەو تێكۆشەرانەی كە لەژێر ئەم ئاڵایەدا هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی خەونی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بهێتە دی. سڵاو لەو تێكۆشەرانە، لەو پێشمەرگە قارەمانانە كە تا ئێستاش بۆ سەرفرازی، بۆ ئارامیی وڵات هەوڵ دەدەن و لە تێكۆشان نەوەستاون.

سڵاو لە هەموو ئەوانەی لەژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا تێدەكۆشن و كار دەكەن بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ وڵاتەكەمان.
هەموومان پێكەوە ئەمڕۆ دەڵێین:
بەرز و شەكاوە بێ ئاڵاكەمان
هەر سەرفراز بێ كوردستان
ئێوەش هەموو لایەكتان بە خێر بێن.
زۆر سوپاس.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.