Erbil 5°C شەممە 11 کانوونی دووەم 07:48

ئه‌مشه‌و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجام دا

کوردستان TV
100%

هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ شاری به‌غدا و خراپی بارودۆخی ئه‌منی له‌ عێراق، سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ناچار كرد ئه‌مشه‌و هه‌ینی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بده‌ن.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ هێرشێكی تیرۆریستی كرایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاسایش و سه‌روه‌ری وڵات ده‌كرێته‌ ئامانج، جا ئه‌و هێرشانه‌ بكرێنه‌ سه‌ر هه‌ر لایه‌ك و به‌ هه‌ر پاساوێك ئه‌نجام بدرێن.

بڵاویشی كرده‌وه‌: ئێمه‌ وه‌ك چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ حكوومه‌تی فیدڕالی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، داواش له‌ حكوومه‌ت ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ ورده‌كاری له‌سه‌ر هێرشه‌كان ئاشكرا بكات به‌تایبه‌ت ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی كرایه‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ شاری به‌غدا.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: وه‌ك هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ پاراستنی گیان و ئاسایشی سه‌رجه‌م نوێنه‌ره‌ دیبلۆماسییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌. جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ عێراق هه‌موو ئه‌ركه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆی له‌مباریه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی كاتژمێر 4:15 به‌ چه‌ند مووشه‌كێك هێرشكرایه‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ شاری به‌غدا.

لای خۆیه‌وه‌ رۆژنامه‌ی رۆیته‌رز بڵاوی كردبووه‌وه‌‌: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ له‌ڕووی ژماره‌ و وردی ئاراسته‌كردنی مووشه‌كه‌كانه‌وه‌ ته‌واو جیاواز بوو له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی چه‌ند جاری ڕابردوو.

بڵاویشی كردبووه‌وه‌‌: له‌ هێرشه‌كه‌دا حه‌وت مووشه‌كی جۆری (مۆرته‌ر) كه‌وتوونه‌ته‌ نێو سنووری باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ شاری به‌غدا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌‌، هه‌روه‌ها زیانێكی كه‌می ماددیشی به‌ر باڵه‌خانه‌كه‌ گه‌یاند.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.