Erbil 22°C شەممە 21 ئەیلوول 00:37

گۆڕینی دیمۆگرافی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق دەبێت

کوردستان TV
100%


وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024دا، پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام بدات کە ماوەی 26 ساڵە  ئەنجام نەدراوە.

بڕیار بوو، سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق کە ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 ئەنجام بدرێت و لە بوودجەی 2019 زیاتر لە100 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا، بەڵام وا بۆ 26 ساڵ دەچێت، ھێشتا سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجام نەدراوە.

لە زۆربەی وڵاتاندا، ھەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا لە عێراق ھەشت سەرژمێری گشتی ئەنجامدراون کە دوایین سەرژمێری لە ساڵی 1997دا ئەنجامدرا، بەڵام بە ھۆی دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری لە سەرانسەری عێراق کەمتر وەک بنەمایەکی زانستی پشتی پێ دەبەسترێت.

لەنێوان ساڵانی1927 تاوەکو 1997، ھەشت سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق ئەنجامدراون، ئەوانیش بریتیین لە سەرژمێرەکانی ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1967، 1965، 1977، 1987، 1997.

بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە، 42 ملیۆن و 248 ھەزار و 883 کەس.

سەرژمێری گشتی دانیشتووان بە پڕۆسەیەکی گرنگ دادەندرێت، چونکە لە ڕێگای ئەو پڕۆسەیەوە، نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بونیاد دەنرێت و بنەمایەکی سەرەکیشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت ڕەنگە نەتوانرێت وەک پێویست ھەڵبژاردنێکی دروست ئەنجام بدرێت، ھەروەھا لەڕێگای سەرژمێرییەوە زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتووان سەبارەت بە ڕەگەز، تەمەن، نەتەوە، ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان کۆدەکرێتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.