Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 16:49

سەرۆکی حکوومەت بەرەو ئیمارات بەڕێ کەوت

کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێ کەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی 12/2-1 لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوە دەچێت.

سەرۆکی حکوومەت بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە چەندین بۆنەدا هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.