Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 16:07

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: کار دەکەین بۆ ئامادە کردنی راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ

کوردستان TV
100%


لە نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ نوێنەری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی ئەنجامدرا دەربارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دووەمی ئاستی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی وەزارەت و دام و دەزگاکان بۆ ساڵی 2023. 

لەم بوارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژە بە چەند بوارێکی  گرنگ درا لەوانە: دوایین داتا و زانیارییەکان ساڵی 2023 دەربارەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی پەیوەندیدار بە ڕاسپاردەکان و ئەو  ئاڵەنگارییەکان کە بەربەستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجیکردنی پلانی هەرێمی وتی: تا ئێستا پێنج راپۆرتمان ئامادە کردووە بەم شێوەیە، لە ئەیلولی 2021 (راپۆرتی پلانی کار) بۆ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ئامادەکران و کەوتە بواری جێبەجێکردن. لە حوزەیرانی 2022 (ڕاپۆرتی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ) ئامادەکرا و ڕاسپاردە جێبەجێکراو و جێبەجێنەکراوەکان دیاریکران و پێشنیاری پێویست پێشکەش کرا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان. لە کانوونی دووەمی 2023 (راپۆرتی ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ) پیشکەش بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا  لە بەرواری 15/1/2023 وبە کۆی دەنگ پەسەند کرا کە ڕیژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکان دیاریکراوە. 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: لە مانگی ئایاری 2023 (راپۆرتی پۆلینکاری جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەپێی دام و دەزگاکان) ئامادە کرا کە تێیدا رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەپێی دام و دەزگاکانی هەرێم بۆ سێ بەش پۆلین کران. دواتر راپۆرتی بەراوردکاری بۆ پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی بەپێی بابەتەکان ئامادە کراو لە سەرەتای پەسەندکردنی پلانەکە لە مانگی ئەیلولی 2021 تا تەمموزی 2023. بەپێی ئەم راپۆرتە تا ساڵی 2022لە کۆی (400) ڕاسپاردە (139) ڕاسپاردە جێبەجێکراون، (226) ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون، (35) ڕاسپاردە لە پرۆسەی جێبەجێکردن دابوون، بەراورد بە ساڵی 2023 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەوە بۆ (171) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەم بوونەوە بۆ (127)، ئەو راسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان گەیشتە (102). 
د. دیندار زێباری هەروەها وتی:  لە راپۆرتی پێنجەم دەرکەوت کە رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە ساڵی 2022 راسپاردە جێبەجێکراوەکان (34.8%)، راسپاردە جێبەجێ نەکراوەکان (56.5%) ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (8.8%). بەڵام لە ساڵی 2023 راسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، راسپاردە جێبەجێ نەکراوەکان (31.8%) ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.