Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 17:33

حه‌ماس هه‌وڵ ده‌دات ماوه‌ی ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل درێژ بكاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌م ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ماوه‌ی ئاگربه‌ست و ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ درێژ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئیسڕائیل سووڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار رۆژه‌كه‌ به‌ توندی ده‌ست به‌ هێرشه‌كان بكاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسڕائیلدا به‌ نێوه‌ندگیری هه‌ردوو وڵاتی میسڕ و قه‌ته‌ڕ كراوه‌، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێشه‌می داهاتوو ماوه‌ی ئاگربه‌ست و ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ كۆتایی دێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: هه‌وڵ ده‌ده‌ن ماوه‌ی چوار رۆژی ئاگربه‌ست و ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل درێژ بكه‌ینه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دۆسته‌كانمان له‌ گفتوگۆی رژد ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئیسڕائیلی ڕێك بكه‌وین له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی دیل و ده‌ستگیركراو له‌نێوانماندا بگۆڕینه‌وه‌.

ئه‌م لێدوانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ یوئاڤ گالانت وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل رۆژی هه‌ینی ڕابردوو له‌ ته‌لئه‌بیب ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ڕاگرتنی شه‌ڕ و ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ماوه‌ كورت و كاتییه‌، دوای ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه‌ ده‌ست به‌ هێرشه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاندبوو: هێرشه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت تا سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانمان ده‌هێنینه‌ دی و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ته‌واوی له‌ناو ده‌به‌ین و سه‌رجه‌م دیل و بارمته‌كانیش له‌ غه‌ززه‌ ئازاد ده‌كه‌ین و ده‌یانگه‌ڕێنینه‌وه‌ ئیسڕائیل.

وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل ژماره‌ی ئه‌و دیلانه‌شی ئاشكرا كردبوو كه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ رۆژی 7ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌ستپێكی ئۆپه‌ڕاسیۆنی تۆفانی ئه‌قسادا بردبوونی بۆ‌ غه‌ززه كه‌ ژماره‌یان 240 دیل و بارمته‌یه‌.‌  

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.