Erbil 10°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 12:51

ناسنامه‌ی پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا ئاشكرا كرا

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق واژووی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نه‌جم ئه‌لجه‌بووری پارێزگاری نه‌ینه‌وای كرد، له‌ ئێستاشه‌وه‌ ناوی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ جێگرتنه‌وه‌ی دیاری كراوه‌ و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ یاریده‌رێكی پارێزگاره‌كه‌ خۆیه‌تی.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ماڵپه‌ڕی "به‌غداد ئه‌لیه‌وم"ی ڕاگه‌یاندووه‌: ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌نێوان پێكهاته سیاسییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌یه‌ كه‌ عه‌بدولقادر ده‌خیل سه‌رۆكی ئێسته‌ی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاری مووسل ببێته‌ جێگره‌وه‌ی نه‌جم ئه‌لجبووری.

بڵاویشی كردۆته‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ سبه‌ی دووشه‌م یاخود سێشه‌می داهاتوو به‌ فه‌رمی نووسراوی ده‌ستبه‌كاربوونی عه‌بدولقادر ده‌خیل وه‌ك پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا به‌ واژووی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بڵاو بكرێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێستا سیروان رۆژبه‌یانی جێگری یه‌كه‌می پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌شێوه‌ی كاتی كاره‌كانی پارێزگاكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات تاكو پارێزگاری نوێ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ فه‌رمی واژووی له‌سه‌ر نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نه‌جم ئه‌لجبووری پارێزگاری نه‌ینه‌وا كرد.

هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ نووسراوێكی ده‌سته‌ی باڵای نیشتمانی لیپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ 25/9/2023 ئاراسته‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی كرابوو، له‌ نووسراوه‌كه‌دا ناوی نه‌جم الجبووری له‌گه‌ڵ ئه‌و 150 كه‌سه‌ هێنرابوو كه‌ تۆمه‌تی به‌عسیبوونی پێوه‌ لكاندبوون، ده‌سته‌كه‌ داواشی كردبوو ڕێگری له‌و كه‌سانه‌ بكرێت بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق.

له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ دادگه‌ی باڵای فیدڕالی تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌ دابوو و داوای كردبوو پێداچوونه‌وه‌ به‌ نووسراوه‌كه‌ بكات و ره‌تی بكاته‌وه‌، به‌ڵام دادگاكه‌ داواكه‌ی نه‌جم ئه‌لجبووری ره‌تكرده‌وه‌ و نووسراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی باڵای نیشتمانی لیپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری په‌سند كرد.

وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی، نه‌جم ئه‌لجه‌بووری پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كرد و هه‌ر ئه‌مڕۆش محه‌مه‌د شیاع سوودانی وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و واژووی له‌سه‌ر نامه‌كه‌ی كرد و نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی په‌سند كرد.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.