Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 12:21

شانۆی سەر شەقام دەتوانێت شەقامی كوردی بجولێنێت؟

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی شانۆی كەنیسە لە ئەوروپا تەمەنی كورت بوو،چونكە تەنها لەخزمەتی پیاوانی ئاینی كەنیسەدابوو چیرۆك و ڕوداوو بابەتەكان وكارەكتەرەكان هەرهەموی لەبازنەی ئاینی مەسیحیەتدا دەبارەو سەدبارە دەبویەوە ،لایەنی كۆمەلایەتی و كێشەو ئاستەنگەكانی ژیانی كۆمەڵكە فەرامۆش كرابوو هەربۆیە لە كۆتاییدا شكستی هێنا چونكە لە هەموو سەردەمەكان تاكو ئەمرۆش ئەگەرشانۆ لەگەڵ ئێش وئازارەكان و خەون وهیواكانی خەڵك نەبێت ،شانۆ نابێتە ئاوێنەی گەل ، دوای شانۆی كەنیسە شانۆی شەقام سەریهەڵدا شانۆیەك شۆناسی گەلان بوو ،گوتارێكی ئاراستەكراو بوو ،دژی ستەم و نەهامەتییەكان بوو ، شانۆیەكی ئازاد بوو دەروازەیەك بوو، بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی بینەر بۆ ناو ئاریشەكانی ئەو سەردەمە كەژیان پێویستی بە هۆشیاركردنەوەی خودی مرۆڤەكان بوو لەڕووی سۆسیۆلۆژی و سیمۆلۆژی و فیسیۆلوژی لەچوارچێوەی شانۆیەكی گوتارسازی و ئاهەنسازی و ڕیالیزمی و لۆژیكی.
لەكۆتایی سەدەی بیستەم شەپۆڵی شانۆی ئەزمونگەری لەجیهانی شانودا بوە ئاراستەیەكی شانۆی تەجریدی و تەعبیری و بەرجەستەكردنی خەیاڵ و ئەندێشەو فیزیكی جولەو جەستەی ئەكتەر لە فەزای نوێی ناو شانۆی داخراوو گەڕان بەدوای وێستگەكانی فەزای دەرەكی ،هەربۆیە پێشپڕكێی ئەفراندن و سیمیای شانۆ ئاماژەیەكی مەعریفی بەدوای خۆیەوە هێنا ،شانۆكاران ویستیان شانۆیەكی وێنەیی و فەنتازی بكەنە دوا وێستگەی وەستانی ئاوێتەبوونی شانۆ لە ناو دونیای تەكنیك و تەكنەلۆژیادا ، ئەم شەپوڵە شانۆییە توانی نوێگەری بە بزاڤی مۆدەی شانۆ ببەخشێت بەڵام هەمدیسان لەناو گوتارەكانی فیكرو فەلسەفەو ئیستاتیكادا هەست و سۆزی بینەری كوشت ،چونكە شانویەكی شێوەكاری بوو بەڵام بەبێ روح، چەند فیگەرێكی تێكشكاو بوو بەئاراستەی شانۆ بۆ شانۆ، هەربۆیە ڕەخنەگرە جیهانیەكان بوونە دوو بەرە ، هەندێكیان پشتگریان لێكرد بەتایبەتی ڕەخنەگرە شكلانیەكان، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگرە بابەتیەكان ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند بونەوە بەجۆرێك كە هەندێك لە دەرهێنەرەكان وازیان لەشانۆ هێناو ڕویان لەجیهانی سینەماكرد چونكە ئەوەی لە ئەندێشەو خەیاڵیاندا بوو لەچوارچێوەی شانۆدا بەرجەستە نەدەكرا.
ئەوەی مەبەستمانە ئاماژەی پێبكەین لەم ساڵانەی دواییدا، كەسەردەمی عەولەمەیە دیاردەی شانۆی مۆنۆدراماو شانۆی شەقام لەهەندێك ووڵاتانی عەرەبی و لەهەندێك دەڤەری كوردستاندا ،دیسان بۆتە مۆدیل و لەچەندین شوێن دووبارە دەبێتەوە . هەربۆیە پێویستە بپرسین ئایا دیاردەی شانۆی شەقام دەتوانێت ببێتە بەدیلێك بۆ شانۆی ناو هۆڵ و شانۆی فەزا جۆراو جۆرەكان ، دیسان دەپرسین ئەگەر شانۆی شەقام شانۆیەكی زانستی و هونەری ئەكادیمیە ،دەبوایە لەسەرجەم پەیمانگەو كۆلیژە هونەرییەكان وەكو قوتابخانەیەك بناسرابایەوپەیڕەو بكرابا.  ئایا ڕەهەندی فیكری و ئایدۆلۆژیاو ئیستاتیكی شانۆی شەقام دەتوانێت ببێتە شەپۆڵێك تێنوێتی بینەری شانۆ بشكێنێت ،ئایا ئەو چیرۆك وبابەت و ململانێیانەی لەچوارچێوەی شانۆی شەقامدا نمایش دەكرێن مۆدیلی شانۆی سەردەمی عەولەمەیە یان هەڵاتنە لەبەرپرسیارەتی شانۆی مەعریفی . لەئێستادا لەكوردستان سەدان قەیران سەری هەڵداوە ،ئەی بۆ شانۆی شەقام نەیتوانیوە بەشێوەیەكی عیلاجی برینی پرسە جۆراو جۆرەكان ساڕێژبكات و ببێتە مۆدیلی ساتەكانی سەردەمی عەولەمە. ئەوە ماوەی دوو مانگە لەسەرپرسی مووچە سەرجەم قوتابخانەكان لەچەند دەڤەرێكی كوردستان داخراون، ئەی بۆ شانۆی شەقام لەناو خۆپیشاندانەكان لەو شوێنانە بوونی نییە ئەگەر شانۆیەكی جەماوەرییە بەرگری لەمیللەت دەكات ؟
لەشانۆی شەقامی كوردیدا ، دەق تەنها وەكو بیرۆكە یان شانۆی ئیمپڕو بەشێوەی ڕاگوزەری ئامادە دەكرێت لەغیابی فیكرو فەلسەفەو فەنتازیاو تەكنیك و تەكنەلۆژیاو سینۆگرافیای شانۆیی . ئەگەر شانۆی شەقام توانای هەیە شەقامی كوردی بجولێنێت پێویست بە ڤیستیڤاڵ سازكردن ناكات ،پێویست بەڕیكلام و پانگەشە ناكات ،چونكە ئەگەر بەسروشتی ئەو هێزو توانایەی هەیە تێنوێتی بینەر بشكێنێت ئەوا دەكرێ لەهەر چوار وەرزی ساڵدا لەشەقامی شارەكاندا بونی خۆی بسەلمێنێت ، سیحری شانۆ لەسەردەمی گریكەكانەوە تاكو ئەمڕو بۆیە بەتاڵ نەبۆتەوە چونكە شانۆی فەزای داخراو بەتایبەتی شانۆی هاوچەرخ شەپۆڵەكانی هێندە بەهێزن وەكو شەپوڵەكانی دەریا جیهانێكن لە وێنەی نەبینراو ،ئاسمانێكن لە ئەستێرەی درەوشاوە ، لەئێستادا لەهەموو ووڵاتانی ڕۆژئاوا تەكنیكی سینەماو شانۆ بەتەواوی ئاوێتەی یەكتر بونەتەوە ،هەربۆیە چێژی شانۆ هێندە لەلوتكەدایە شەوو ڕۆژ دەرهێنەرە ناودارەكانی سەردەمی عەولەمە بینەر تووشی شۆك دەكەن بە شانۆی ناوازە و داهێنانی سەردەمیانە ،بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا تەنها لەشاری سلێمانی و دهۆك شانۆی ناو هوڵی داخراو خەزێنەیەكە لەهێنانەدی خەون وخەیاڵی بینەران ، كەچی لەشارو شارۆچكەكانی تر پێشبڕكێیە لەسەر سازدانی شانۆی شەقام لەكاتێدا دەبوایە كەس لاسایی كەس نەكاتەوە، دەبوایە هەر دەڤەرێك بیر لەشێوازێكی شانۆیی بكاتەوە بۆئەوەی هەموو ڕەنگەكانی شانۆ ببینین وەكو شانۆی موزیكاڵ و شانۆی بانتۆمایم و شانۆی كۆمیدی جادو شانۆی بێهودەیی و شانۆی ژورو شانۆی ئەزمونگەری و شانۆی كلاسیك و هەموو ئاراستەو شێوازە شانۆییەكان لەسەر بنەمایەكی فیكری و هونەری و ئیستاتیكی.
 پ.ی.د.ژیلوان تاهیر
 

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.