Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 07:36

رۆڵی چالاكی قوتابخانەكان لە رەوتی شانۆی هەولێردا

کوردستان TV
100%

هەمیشە قوتابخانە،پێگەیەكی گرنگی ناو كۆمەڵگا بووە، بۆ پێگەیاندنی كادری لێهاتوو، لە هەموو بوارەكانی ژیان دا، لە نێو خشتەی وانەكانی قوتابخانەدا چەند وانەیەكی هونەری وەكو (نیگار، سروود مۆسیقا) هەن ،ئەم دوو وانە هونەرییە لەپاڵ وانەی وەرزش دا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ قوتابیان  بۆ زاخاوی و حەسەنانەوەی مێشكی قوتابی هەر لەم ڕوانگەوە زۆربەی زۆری قوتابیان هەردوو وانەی وەرزش و هونەریان لەلا خۆشەویستە زۆریش گرنگی پێدەدەن هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە قوتابیان تارادەیەك ئازاد دەبن لە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان چ  لەوانەی وەرز ش  یاخود لە وانەی هونەر بێت،چونكە راستەوخۆ توانستی خۆیان دەردەخەن و پێشكەشی ئامادە بووانی دەكەن، هەر بۆ ئەم مەبەستە بۆ زیاتر گرنگی دان بە قوتابیانی بەهرەمەند، لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق جگە لە قوتابخانەكان فەرمانگەیەكی  هونەری و وەرزشی دەكرێتەوە بەناوی چالاكی قوتابخانەكان كە مەبەست لە كردنەوەی ئەم فەرمانگایە، برەودانە بەو قوتابیانەی خاوەن بەهرەن جگە لە مەش ساڵانە پیشانگاو فێستڤاڵی  تایبەت بە وتاربێژی و شانۆ و پەخشان ونیگار و كاردەستی بۆ قوتابخانەكان ساز دەكات كە خودی قوتابیان بەشدار دەبن و بەرهەمەكانیان نمایش دەكرێت ، سەركەوتووان خەڵات دەكرێن.
ئەوەی مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بكەم  بەرێوەبەرایەتی گشتی چالاكی قوتابخانی هەولێرە،كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییدا لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو، تائێستا،چەندین كادیری  هونەری لە بواری شانۆ و میوزیك و گۆرانی و شێوەكاری شانۆیی لەرێگەی ئەم فەرمانگایە پەروەردە و هونەرییەدا توانیویانە ببن بەئەستێرەی هونەری لە كوردستان بە گشتی لە هەولێر بەتایبەتی ، بەڵام من هەوڵدەدەم لە باسە كورتەدا زیاتر جەخت لە بواری هونەری شانۆ و هونەرمەندانی شانۆ بكەم، كە بەهۆی ئەم دامەزراوە هونەری و پەروەردەییە چەندین بەرهەمی شانۆیی و ئۆپەرێتی ناوەزەیان پێشكەش كردووە ، لە هەمان كاتیشدا  توانیویانە ،بەشداری چەندین فێستێڤاڵ بكەن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ،ئەم دامەزراوە لە  پەنجاكانی سەدەی رابردوو لە معاریفی  (پەروەردە)ی هەولێر دامەزراوە ، یەكەم بەرێوەبەریش بەرێز "سوڵتان عەبدوڵاَ مردان "بووە  لە نێوان ساڵانی (1955-1972) لە ماوەیەدا تائێستاش چەندین هونەرمەند وەكو مامۆستا و سەرپەرشتیاری  هونەری كاریان كردوە  لەوانە هونەرمەندان (چەتۆ حەسن، سەباح عەبدولڕەحمان ، تەڵعەت سامان ، یەحیا مەرجان ،فواد ئەحەمەد ، واحید مەرجان ، تەحسین تەها ، عەبدوڵا دڵسۆز، ئیسماعیل سەعید ئیساعیل ،جەودەت شاكر ، وەلید مەعروف جارۆ  ،شاهین نەجەمەدین ،كامەران حاجی ئەلیاس، نەوزادی حاجی شوشە...چەندانی تر ) .
لە ساڵی 1967 هونەرمەند "سەباح عەبدولڕەحمان" دوای ئەوەی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدا بەشی شانۆ تەواو دەكات دەگەرێتەوە كوردستان ، لە ساڵی 1968لەیەكێك لە قوتابخانەكانی شاری رواندز وەكو مامۆستای  پەروەدەی هونەر دەستەبەكار دەبێت ،هەمان ساڵ دەگورازێتەوە هەولێر لە چالاكی قوتابخانەكان دەست بەكا ر دەبێت، ئەو شوێنەش كەشێكی لە بار دەبێت، بۆ هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان  بۆ ئەوەی خەونەكانی خۆی بهێنێتە دی ،هەر بۆئەمەبەستە سەردانی قوتابخانەكانی شاری هەولێر دەكات ، بەنیازی دۆزینەوەی قوتابیانی بەهرەمەند لە بواری شانۆ لەم ماوەیەدا چەندین بەهرەمەندی لە نێو قوتابخانەكان دۆزییەوە،كە لە دوا رۆژدا بوون بە ئەستێرەی گەشی شانۆی كوردی وەكو خوالێیان خۆش بێت هونەرمەندان (سەلام كۆیی، سوبحی كۆیی ، جەلال بەیار لەگەڵ هونەرمەندان فەیسەڵ محمەد ساڵح ، زایەر عەبدوڵڵا..چەندانی تر) هەر لەم ساڵەدا شانۆگەری "چارەڕەش" لە دەرهێنانی هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر پێشكەش دەكات. 
یەكێك لەهەرە گرفتەكانی فەرمانگەی چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر، نەبوونی شوێنی گونجا بوو، نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بەخۆی بۆ ئەوەی كارەهونەرییەكلنی خۆیان وەكو نمایشكردنی شانۆ  و شێوەكار و ئاهەنگی میوزك،  بۆیە هەرجارە و لە شوێنك بووە ، یەكەمین جار لە ژوورێكی بچووك لە گەرەكی ئیسكان بوو، دوای چەندین شوێنێكی تریان كردوە .. بەڵام ئەگەر هونەر و شاكاری مەزن هەبێت ئەوا دەتوانرێت هۆڵ و شوێنی گونجا و دروست بكات ، فەرموون بزانن  چۆن ئۆپەرێتێك  شوێنكی نایاب و مۆدرێن بۆ چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر دروست دەكات، ئۆپەرەتی "تارا"، یەكێكە لەو ئۆپەرێتانەی كە هونەرمەند خواڵێی خۆشبێت (واحید مەرجان) نووسیویەتی هەر خۆشی كاری دەرهێنانی بۆ كردوەە،لە ساڵی 1974 فیستڤاڵێكی تایبەت بە ئۆپەرێت لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی عێراق لە شاری بەغدا سازدەكرێت بەناوی "فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكانی عێراق" ،چالاكی قوتابخانەكانی هەولێریش یەكێك دەبێت لەو پارێزگایانە كە بە ئۆپەرێتی (تارا) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی خوالێی خۆشبێت "واحید مەرجان"  بەشداری ئەم فیستیڤاڵە دەكات ، هەرخۆشی ئاوازی بۆ گۆرانییەكان دادەنێت و دیزاینی  دیكۆرەكەشی لەلایەن خودی خۆی ئامادەكات  لە هەمان كاتیشدا وەكو ئەكتەریش رۆڵ لە ئۆپەرێتە كە دەبینێت. 
لە كۆتایی فیستیڤاڵدا ئۆپەرێتی "تارا"  كە بەرهەمی چالاكی قوتابخانەكانی شاری هەولێر بوو، توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بەهێنێت ببێتە ماییەی رەزامەندی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندەن  و سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی فیستیڤاڵ ، وەزیری پەروەدەی عێراقی ئەو كات  یەكێك دەبێت لەوانەی كە بە ئۆپەرێتەكە لەرووی  (بابەت ، دیكۆر ، نواندن ، دەرهێنان ، موزیك) زۆر سەرسام دەبێت ،هەربۆیە لەدوای تەواو بوونی فیستیڤاڵەكە لەگەڵ سەرجەم ستاڤی ئۆپەرێتەكە كۆدەبێتەوە دوای دەست خۆشی لێكردن و پیرۆزبایی لێكردنی لە ستاڤی ئۆپەرێتی "تارا" ، بە بەرێوەبەری چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر (م. جەمال هیدایەت ) دەڵێت " ئۆپەرێتەكەی ئێوە زۆر دڵخۆشی كردم ، كارێكی واتان كردووە زۆر لەئاستی پارێزگاكانی تر عێراق  وەكو بەسرا و موسڵ  بگرە لە بەغداش باشتر بێت بۆیە كارەكانتان لەو ئاستە دایە كە چیتان پێویستە بۆتانی جێبەجێ بكەم. 
وەزیر بە بەرێوەبەری چالاكی قوتابخانەكانی هەولێری ئەو كات (جەمال هییدایەت) دەڵێت" فەرموون چیتان پێویستە" مامۆستا جەمالیش لە وەڵامدا بە وەزیر دەڵێت: بەداخەوە ئێمە لە شاری هەولێر تا ئێستا باڵەخانەیەكی تایبەت بە خۆمان نییە وەكو چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر ، بۆ ئەوەی كارەكانی خۆمان وەكو راهێنان وپرۆڤەونمایش كردنی بەرهەمەكانی خۆمانی لێ نمایش بكەین.. لە وەڵامدا وەزیرش راستەوخۆ فرمان دەدات بەزووترین باڵەخانەیەكی تایبەت بە چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر دروست بكرێت بەڵێ ئێستا ئەو باڵەخانەی چالاكی قوتابخانەكان هەولێر  كەلە گەرەكی رووناكییە لە هەولێر، بەرهەم و دەستكەوتی  ئۆپەرێتی "تارا"یە  وەبەتایبەتیش بۆ هونەرمەندی گەورە "واحید مەرجان " دەگرێتەوە. 
بەرێزان هێشتا بەرهەم و دەستكەوتی ئۆپەرێتی "تارا" كۆتایی نەهاتووە ئەو كات لە عێراق  تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبوو  هەرە بۆیە بەرێوەبەری تەلەفزیۆنەكە بڕیار دەدات ئەو ئۆپەرێتە (تارا) بۆ تەلەفزیۆنی خۆیان تۆماربكەن لەوێش ستاڤی ئۆپەرێتەكە داوای تریان دەبێت ،دەڵێن تا ئەو داوەیان جێبەجێ نەكرێت ئۆپەرێتەكە تۆمار ناكەن ، داوەكەش بریتییە لە مۆڵەت دان بۆ تۆمار كردنی  درامای تەلەفزیۆنی (چڵپاو)  كەبەرهەمی تیپی هونەری هەولێر بوو هەر بۆیە دوای چەند كاتژمێرێك رەزامەندی وەردەگرن  ئەنجا ئۆپەرێتەكەیان تۆمار دەكەن ئەمەش دەستكەوتێكی تری هونەرمەند واحید مەرجانە.
 بێگومان ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی شانۆی هەولێر بدەیەنەوە، گوزەرێك بەنێوە شانۆكارانی هەولێردا بكەین ،ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت ، ئەو شانۆكارانەی لە گۆرەپانی هونەری شانۆی بوونیان هەبووە ، چ لە رابردوو  چ لە ئێستادا زۆربەیان لە رێگەی چالاكی قوتابخانەكان دەركەوتوون بەجۆرێك وەكو پەیمانگایەكی هونەری بووە ، بۆ پێگەیاندنی ئەو هونەرمەندانە،بێگومان لەهەرسێ بەشە هونەرییەكە (شانۆ ، شێوەكار ، گۆرانی و میوزیك) بە دەیان كادری پێگەیاندووە، بەڵام من  لەو باسەكورتەدا ،زیاتر هەڵوەستەم لەسەر بواری شانۆ كردەوە ، رۆڵی چالاكی قوتابخانەكان دەكرێت چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.. بێگومان هونەرمەند زۆرن خۆیان بە قەرزاری چالاكی قوتابخانەكان دەزانن كە رەنگە من ناوی هەموویانم لە بیر نەبێت  بۆیە ئەگەر لە ناونەهێنیان لە لەبیرم كردبێت لەم كورتە باسەدا داوای لێبووردنیان لێدەكەم...
لە چالاكی قوتابخانەكان چەندین بەشی سەرەكی بوونیان هەیە وەكو بەشی (رۆشنبیری ، شانۆ، میوزك ، شێوەكاری ) كە ساڵانە فیستیڤاڵ بۆ سەرجەم قوتابخانەكان ساز دەكەن خودی قوتابیان بەرهەمەكانی خۆیان پێشكەش دەكەن، لە كۆتاییدا باشترینەكان خەڵات دەكرێن ، جگە لەوەش پیشانگای تایبەتی بۆ مامۆستایانی پسپۆری هونەری دەكرێتەوە.
لە كۆتاییدا بەباشم زانی ئاماژە بە ناوی ئەوە بەرێوەبەرانە بكەم كەهەریەكەو بەپێی كاتی خۆی خزمەتێكی باشی بواری هونەرییان كردووە  یەكەم بەرێوەبەر بەرێز "سوڵتان عەبدوڵاَ مردان "بووە  لە نێوان ساڵانی (1955-1972)  ،هونەرمەند  "فوئاد ئەحەمە" لە نێوان ساڵانی (1972- 1974) ، هونەرمەند " جەمال هیدایت عەبدوڵڵا" لەنێوان ساڵانی ( 1974- 1994)، هونەرمەند" ئیسماعیل سەعید ئیسماعیل" لەنێوان ساڵانی  ( 1994- 1996) ، هونەرمەند  "یەحیا خدر مەرجان" لە نێوان ساڵانی ( 1996- 1997)، بەرێز " حەیدەر جەوهەر تەها " لەنێوان ساڵانی ( 1997- 2000)، بەرێز "ئیسماعیل ئەبوبكر مستەفا"  لەنێوان ساڵانی (2000- 2002) ، هونەرمەند "فەرهەنگ غەفوور" لەنێوان  ساڵانی ( 2002- 2008) ،هونەرمەند "هوشیار واحید مەرجان "  لە ساڵی 2008 دەست بەكار بووە تائێستاش بە ردەوامە .
بۆ ئەم باسە سوودم لەم بەرێزانە وەرگرتووە:
- هونەرمەند" چەتۆ حەسن "پەیوەندی تەلەفۆنی. 
- هونەرمەند "سەباح عەبدولڕەحمان " پەیوەندی تەلەفۆنی. 
- هونەرمەند "شاهین نەجەمەدین" دیدار.
- هونەرمەند "هۆشیار مەرجان" دیدار.
-چالاكی قوتابخانەكان- هەولێر  "هەڵمەت كازم عەبدوڵڵا
ن- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.