Erbil 24°C شەممە 02 تشرینی دووەم 14:12

ئەرسەلان ئالانی: ناكرێ شاعیر گوفتار و ڕەفتاری جیاواز بێ لەگەڵ تێكستەكانی 

بەداخەوە رەخنە زیاتر قاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە
کوردستان TV
100%

شاعیر و هونەرمەند،ئەرسەلان سلێمان قادر ناسراو بە (ئەرسەلان ئالانی)،ساڵی 1980  لە گوندی (ئالانە)ی سەر بە قەزای خەلیفان لەدایك بووە، لە تەمەنی 5ساڵی دەخرێتە بەر خوێندنی ئایینی ، بەڵام دوای ساڵێك و  لە تەمەنی 6ساڵی بەهۆی نەخۆشی لەپێ دەكەوێت و ناتوانێت بەئاسایی بەپێ بڕوات ، ڕاستە ئەو بووە خاوەن پێداویستی تایبەت ، بەڵام نەخۆشییەكەی نەبۆتە رێگر لە برەوەدان بە بەهرەكانی. 
لە ساڵانی  86-88 سەرەڕای هەبوونی شەڕ و نەهامەتی و گوند سووتان و دەربەدەری ژیانی لەشاخ و ئەشكەوتەكانی كوردستان ، كەئەو كات تەمەنی  8 ساڵان بوو ،  بۆ خۆ سەرقاڵكردن و لەبیر بردنەوەی ئازارەكانی و جەنگ ، دەیویست ژیانی منداڵی پێش نەخۆشكەوتنی و پێش سووتانی گوندەكەی لەرێگەی تابلۆ  وێنا بكات  ، واتە ساڵانی 88 - 96 وەك هەر منداڵێك وێنەی سادەو ساكاری دەكێشا ، بەڵام وەك تابلۆ ساڵی 97 دەستی  بەم هونەرە كردووە ، لەم  روانگەوە خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە،ئێمەوە وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
 *سەرەتا بابزانین چۆن لەگەڵ جیهانی شیعر ئاشنا بوویت؟
- بۆ نووسینی شیعر ، فایەق بێكەس كاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو، چونكە باوكم دیوانی بێكەسی شاعیری هەبوو بۆی دەخوێندمەوە ، ئیتر ساڵی 2001 دەستم بە نووسینی شیعر كرد كە دوو بەرهەمم هەیە (گەڵا وەریوەكان و نمەی باران). 
*تاچەند پێویستە شاعیر لەگەڵ شیعرەكانی راستگۆ بێت؟
- ناكرێ شاعیر گوفتار و ڕەفتاری جیاوازبێ لەگەڵ تێكستەكانی ، بەڵكو پێویستە قەڵەم و ڕوئیا و ڕێبازی هاوتەریب بن، لە هەمان كاتدا بۆئەوەی خۆی و خوێنەران چێژ لە شیعرەكانی وەربگرن. 
*بابزانین ئەو دەروازانە كامەن بۆ شیعر نووسین ئایا خۆشەویستییە، ئافرەتە، سرووشتە، دایكە ، باوكە، سۆزە...؟
 - بێگومان زۆرن ئەو بابەتانەی كەدەبنە هەوێنی شیعرەكانم وەكو (وەسف ، نیشتمانی و نەتەوەیی ، عەشق و خۆشەویستی ، سۆز ، تەنز و ڕەخنە) بۆیە شیعرەكانم لەیەك بابەت قەتیس نەكردوون. 
*ئەو شاعیرو ئەدیبانە كامەن كە كاریگەریان لە سەر تۆ هەبووە؟
- زۆرن ئەو شاعیرانەی كاریگەرییان لەسەر من هەبووە ، وەك (فائق بێكەس ، قانع ، مەلا عەلی ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ئیسماعیل خورماڵی چەندانی تریش، هەر یەكەو بەشێوەیەك تێكەڵ بە تێكستە شیعرەكانیان بووم و لەگەڵیان ژیاوم.  
*باشە باباس لە هونەری شێوەكاری بەرێزتان بكەین، بزانین سەرچاوەی لەدایك بوونی تابلۆكانت چین؟
-تابڵۆكانم هەمەجۆرن،(پۆرترەیت ، سروشت ، ئاسەوار ، كلتور ) ، هەندێ جاریش لەسەر داواكاری ئازیزان  وێنە دەكێشم ، بەڵام زیاتر كار لەسەر دیمەنی سروشتی كوردستان دەكەم كە سەرنجم ڕادەكێشێت. 
*ڕەنگ فاكتەری سەرەكی هەموو تابلۆییەكە وەكو شێوەركارێك چۆن دەڕوانیتە ڕەنگ؟
- ڕەنگ لە دیدی من جیهانێكە لە خۆشەویستی ، لە ڕاستگۆیی ، لە ئاوازی رۆحی مرۆڤ ، بۆیە زۆربەی رەنگەكان لە تابلۆكانم دا وەكو كەرستەیەكی سەرەكی بوونیان هەیە.
*كاتێكی دیار كراوت هەیە بۆ نیگار كردنی تابلۆكانت؟
- بەهۆی سەرقاڵیم بە دەوام و خوێندنەوە ، هەفتەی تابلۆیەك یان دوو تابلۆ دەتوانم بكێشم ، ئەویش زیاتر لەئێواران ئەو كارە دەكەم. 
*جووڵەی هونەری شێوەكاری بەگشتی چۆن دەبینیت؟
- هونەری شێوەكاری لە كوردستان جوڵەیەكی باشی هەیە ، شێوەكاری باش و بە ئەزموون بوونیان هەیە ، بەهۆی هەبوونی پەیمانگای هونەرە جوانەكانیش ڕێژەكە لەزیادبووندایە ، بەڵام بەداخەوە بینەری  پیشانگاكان زۆر كەمبۆتەوە ، چونكە لە ئێستادا هەندێك لەو نەوانەی ئێستا، بەداخەوە نە لە شیعر و نە لە تابڵۆ تێناگەن. 
*هاوكاری پاڵپشتی هونەرمەندان و نووسەران چۆن دەبینی لەلایەن دەزگا پەیوەندارەكان؟
- بەداخەوە ئەو هاوكاری و پاڵپشتییە ،وەك پێویست نییە مەگەر نووسەرێك یان شێوەكارێك پەیوەندی تایبەت و كەسی هەبێت ، ئەگینا لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نییە فڵچەو ڕەنگێك بدات بە هونەرمەندان ، چجای هاوكاری و پاڵپشتی دیكە. 
*رەخنە خاڵێكی گرنگە بۆ پیشڤەچوونی هونەر و ئەدەب ، چۆن دەڕوانیتە ئاستی رەخنەگران لە كوردستان؟
- جاران خوێنەری هەموو بوارێك ،لەڕۆژنامەو گۆڤارو كتێب دابوو ، ئێستا خوێنەر زۆر لەكورتی داوە  هەمووی بۆتە سۆشیال میدیا ، ئەوەش بواری ڕەخنەی كەم كردۆتەوە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە ، ئەوەش ڕەنگە لێدانێك بێ لەشیعرو شاعیر ، پێویستە ڕەخنە گریش  هەبێ ، ناكرێ ئێمە هەر بە دەستخۆشی باز بەسەر خوێندنەوە بدەین ، چونكە ئەگەر ڕەخنە نەبێ ناتوانین لاریەكان ڕاست بكەینەوە ، بەڵام ڕەخنەی پاڵنەر و بونیاتنەر بێت ، ئەوكات جیهانی ئەدەب و شیعر و هونەر  جوانترو بەربڵاوتر دەبێت. 
*ئێمە زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی ، لە كۆتاییدا دوا وتەت چییە؟
- منیش سوپاستان دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە ، پێم وایە كاتی هاتووە تاكی كۆمەڵگا  لەم خەوی دوور لە مەعریفەت و بێئاگایی لە خوێندنەوەو هونەر و ڕوناكبیری  هەڵسێتەوە ، بە تایبەت گەنجەكان ، چونكە هەر گەلێك لە نووسین و هونەر دووركەوێتەوە، جێ دەمێنێ و دەكەوێتە دواوەی گەلان.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.