Erbil 9°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 19:15

سەرۆكی حكومەت: داوای مووچەی سێ مانگی دیكەمان كردووە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 11/14، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێری بەسەر كردەوە.
سەرۆكی حكومەت لە لێدوانێكدا دەستخۆشی لە ڕێكخەران و بەشدارانی فێستیڤاڵەكە كرد و گوتی: من خۆم حەزم لە هونەرە، بە تایبەتی هونەری شێوەكاری، بۆیە زۆر پێم خۆش بوو بێم سەردانی ئێرە بكەم و كاری گەنجانی خۆمان ببینم كە لە قۆناغی جیاوازی كاری خۆیاندا، شتی زۆر جوانیان كردووە، ئومێدم زۆر پێیانە كە دەتوانن ببن بە هونەرمەندی زۆر گەورە لە دواڕۆژدا. ئەوەی ئێمەش پێمان بكرێ بۆ یارمەتیدانیان، چ لێرە چ لەو شوێنانەی تر كە كاری هونەرە جوانەكانی تێدا دەكرێت، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان دەیكەین بۆ ئەوەی زیاتر یارمەتییان بدەین.
هاتنیشم بۆ دەربڕینی پشتگیریی خۆم بووە كە بزانن ئێمە گرنگی بەم هونەرە دەدەین. كاری هونەری لە كولتووری هەر وڵاتێكدا، نیشانەی مێژوو و كولتووری ئەو وڵات و نەتەوانەیە كە دەتوانن بە كاری هونەری پێشانی دونیای بدەن.


سەرۆكی حكومەت هەروەها لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری گوتی: ئێمە كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق. ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێم بووە لە ڕووی كاری تەكنیكی یاخود یاسایی، جێبەجێ كراوە، هەمووشمان لەگەڵیان باس كرد، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە مافەكانی خەڵكی كوردستان وەكوو خۆی كە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش ڕێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بكەن.
سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە دا كە قسەی زۆر كرا سەبارەت بەوەی هەرێم ئەركی چییە و مافی چییە، داواكارییەكانی ئێمەش لە حكومەتی فیدڕاڵ ئەوەیە ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بگیرێت، بە تایبەتی دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ماوەی چەند مانگێكە مووچەكانیان دواكەوتووە، كە هۆكارەكەی حكومەتی بەغدا بووە، داوامان كرد ئەم كێشانە كۆتاییان پێ بێ و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش وەكوو هەموو خەڵكی تری عێراق بە مافەكانی خۆیان شاد بن و ئەو شایستانەی خۆیان كە هەیانە چیتر دوانەكەوێ.
سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە كە لە قسەكردندا گەیشتین بە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێكی باش و وەڵامی باشیشی بۆ خەڵك دەبێت. لەسەر بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كرد، بەڵێ ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە بەڵام دەبێ مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاو بكرێت.
لەبارەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی حكومەت ڕوونیكردەوە كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ قسەی كردووە لەسەر (بابەتی ناردنی 700 ملیارەكە) جگە لە ناردنی نامەش تایبەت بەم پرسە، ئێمە كاتی خۆی داوای شەش مانگمان كرد كە ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش مانگەی لەم ساڵدا ماوە بۆ خەڵك دابین بكەین، ئەوان لەسەر سێ مانگ بڕیاریان دا، ئێمە داوای 800 ملیارمان كرد، ئەوان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری 700 ملیاریان دا. بۆ سێ مانگی تر ئەوان گوتوویانە دەبێ لە مانگی 12 جارێكی تر حیسابات تەسفیە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێ چی ماوە دابینی بكەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوەین كە ئەوانیش بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.