ئەمڕۆ دووشەم بە بەشدارى شاندی حکوومەتى هەرێمی كوردستان کە پێکهاتبوو لە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم و د. کاروان هەورامى بەڕێوەبەرى گشتیى لە وەزارەتى کشتوکاڵى حکوومەتى هەرێم، بە سەرۆکایەتى محەمەد شەیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق له شاری بهغدا چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانى ئاو بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵییەکان کرا بەپێی ئەو پشکانەی ئاو کە بۆ پارێزگاکان پەسەند کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پڕۆژانەى پارێزگاى هەولێر کە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، لە مانگى ئادارى ڕابردوودا لە کاتى سەردانى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێرى پایتەخت پێشکەشى کرابوون خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
دواى خستنەڕووى پڕۆژەکان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى و وەرگرتنى ڕا و سەرنجى ئەندامى لیژنەکە کە لە چەند وەزیرێکى پەیوەندیدارى حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانیش تێدا ئەندامە پێکهاتووە، بە کۆى دەنگ پڕۆژەکان پەسند کرا و ئاڕاستەى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکوومەتى عێراقى فیدراڵ کرا بۆ دەستکردن بە ڕێکارى دیکە، ئومێد دەکرێت لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى پێویست لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە دابین بکرێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان کە (14 ملیار دینار)ە.
پاشان لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بابەت و پرسى دیکەى تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی ژینگە و بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و دامەزراندنی سندووقێک بۆ پشتگیریکردنی توێژینەوە و دەستپێشخەرییەکان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی لە عێراق بە گشتیى و چەند دۆسییەکى تر گفتوگۆى لەبارەوە کرا و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو بڕیار و ڕاسپاردەى پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.