راوێژكاری ئه‌ڵمانیا ڕا و بۆچوونی له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری راگرتنی شه‌ڕ و بۆردومانه‌كان بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند كه له ئێستادا ئه‌و له‌گه‌ڵ هیچ راگرتنێكی شه‌ڕدا نییه.
ئۆلاف شۆڵز راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له میانه‌ی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی گوتی: دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه له ئێستادا من له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی راسته‌وخۆ و به‌په‌له‌ی شه‌ڕ یاخود راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ماوه درێژ نیم و بگره كاته‌كه‌شی بۆ ئه‌مه گونجاو نییه.
گوتیشی: راگرتنی شه‌ڕ یاخود راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست به واتای ئه‌وه دێت كه ئیسڕائیل ڕێگه به بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌دات چه‌كی نوێ و زیاتری ده‌ستبكه‌وێت.
ئه‌م لێدوانه‌ی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌كاتێكدایه كه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و به‌شی هه‌ره‌زۆری وڵاتانی جیهان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان و به‌شێوه‌ی جیاواز داوایان كردووه شه‌ڕ و بۆردومانه‌كان غه‌ززه رابگیرێن.
چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل جه‌ختی كردبووه‌وه كه له هێرش و بۆردومانه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن و هیچ ئاگربه‌ستێك ڕاناگه‌یه‌نن تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م دیله ئیسڕائیلی و بیانییه‌كان له غه‌ززه ئازاد ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ 37 رۆژ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ده‌ستپێكی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای ئیسڕائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كه به‌هۆیه‌وه زیاتر له 11 هه‌زار هاووڵاتی فه‌ڵه‌ستینی له غه‌ززه كوژراون له‌گه‌ڵ كوژرانی نزیكه‌ی 1500 سه‌رباز و هاووڵاتی ئیسڕائیلی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.