Erbil 10°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 19:44

بەچەند چالاكییەك یادی 239یەمین ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە 12-11-2023بەچەند چالاكییەكی هەمەجۆر یادی 239 یەمین ساڵەی دامەرزراندانی شاری سلێمانی دەكرێتەوە.
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە ئاوەدانكراوەتەوە، ئیبراهیم پاشا شارەكەی بەناوی باوكییەوە(سلێمان)پاشا‌ ناوناوە، سلێمانی جگە لە‌وەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان لەهەمانكاتدا دەبێتە مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەكە.
دواتر بەشە دیالێكتی سۆرانی لەناوچەكەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جورێك كە بەشە دیالێكتی گۆرانی لەناوچەكەدا بەرەو كەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی 1851 وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی یەكەمی جیهانی، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحمود بووە. ‌شاری سلێمانی جگەلەوەی لانكەی ڕۆشنبیرو تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپەڕینش بووە لەمێژووی كوردستاندا .
پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە چەند شارۆچكەیەك پێك هاتووە گرنگترینیان شارۆچكەی‌ پێنجوینە كەوەك دەرزوازەیەكی‌ گەورە وایە لە سەر سنوری‌ ئێران عێراق، پاش ئەویش چەمچەماڵ بەپلەی‌ دووەم دێت كە دەروازەی‌ دووەمی‌ شارەو رووە ناوچەكانی‌ خوارووی‌ عێراقە.
سلێمانی‌ بە هاوینە هەوارەكانی‌‌ وەكو هاوینە هەواری‌ ئەحمەد ئاواو سەر چنارو دوكان و سەرتەكی‌ بەمۆو كونەماسی‌ و ئەزمڕو قەرەداغ و بەناوبانگە و چەندین هاوینە هەواری‌ دڵرفێنی‌ دیكەشی هەیە. 
پارێزگای‌ سلێمانی‌ دوو بەنداوی‌ گەورەی‌ تێدایە وەك بەنداوی‌ دوكان و دەربەندیخان كە ئەوانیش وەك ناوچەیەكی‌ گەشتیاری‌ ناوزەند دەكرێن و بەهاران خەڵكێكی‌ زۆر روویان تێدەكات .لە ناو شاری‌ سلێمانیدا چەند مەزارگەی‌ بەناوبانگی‌ تێدایەو وەك مەزارگەی‌ كاك ئەحمەدی‌ شێخ و شێخ مەحمودی‌ حەفید كە لە ناو مزگەوتی‌ گەورەی‌ شاری‌ سلێمانیدان، شاری‌ سلێمانی‌ بە پایتەختی‌ رۆشنبیری‌ كوردستان دادەنرێت لە ئێستادا بەهۆی‌ ئەو رۆشنبیرییە فراوان و دێرینەی‌ كە هەیەتی‌ ، بەشاری‌ هەڵمەت و‌ قوربانیش ناوی‌ دەركردووە . 
سلێمانی‌ گەورەترین زانكۆی‌ تێدایە لە هەرێمی‌ كوردستاندا كە بە زانكۆی‌ سلێمانی‌ ناسراوە، گەلێك شوێنەواری‌ دێرین و مێژویش هەن لەم پارێزگایەدا ، وەكو گردی‌ یاسن تەپەو ئەشكەوتی‌ قس قاپان و ئەشكەوتی‌ هەزار مێردو شانەدەری.
شاری‌ سلێمانی‌ لەپاش راپەڕینە گەورەكەی‌ ئاداری‌ ساڵی‌ 1991 یەكەوە فراوان بوون و پێشكەوتنێكی‌ ‌ بەخۆوە دیوە ، ‌ئاستی‌ ئابووری‌ دانیشتووانەكەشی‌ بە شێوەیەكی‌ گشتی‌ مام ناوەندە .
هەر بەم بۆنەیەوە چەند چالاكییەك لە تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی بەرێوە دەچێت بەم شێوەیەی خوارە:
كاتژمێر 3.30 پاش نیوەڕۆ كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری بەسەرپەرشتی هونەرەكانی شێوەكاری.
كاتژمێر4ی ئێوارە پێشكەش كردنی چەند وتارێك
- وتاری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی.
- وتاری د.هەڤاڵ ئەبوبەكر ،پارێزگاری سلێمانی. 
-نمایشكردنی فیلیمێكی دۆكیۆمنتاری بەناوی (سلێمانی دارولمولكی ئەدەب) بەرهەمی بەشی سینەما.
-نمایشكردنی تابلۆیەكی هونەری لەلایەن بەشی كەلەپوور و تیپی هونەری میللی سلێمانی.
- پێشكەش كردنی كۆنسێرتی گۆرانی میوزك لەلایەن گروپی میوزكی پاییز بە بەشداری هونەرمەندان (نەژاد بەرزنجی ،نیان عەبدوڵڵا،هەردی عوسمان هەلی ،شوان قەرداغی، سێوە كامیل).
-لە كۆتاییدا مەراسیمی خەڵاتی رێزلێنان دەدرێتە حەوت كەسایەتی هونەری و ئەدەبی ،هاوكات نمایشكردنی راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لەسەر ژیان و بەرهەمی ئەو حەوت كەسایەتییە بەڕێوەدەچێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.