Erbil 8°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 20:24

سەرۆكی حكومەت لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ كۆبووەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە 11/12، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری كە لە بریكاری و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای (سۆمۆ) پێكهاتبوو، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی ڕێكار و هەنگاوەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.
سەرۆكی حكومەت ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دووپات كردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەكایەی لەیەكتێگەیشتنێكی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستییە دارایی و تەكنیكییەكانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەكان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی سەرجەم لایەنەكان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەركردنی خەرجیی شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم كە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانكراویی پێویستی بۆ دانراوە.
سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە دا كە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین كاتدا، هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمی ڕاسپارد كە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بكەن كە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێك لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆكوەزیران و حكومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای دەستەبەركردنی زەمینەیەكی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەكە.

لە كۆتاییدا بڕیاردرا كە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەكان لەسەر وردەكارییە قانونی و دارایی و تەكنیكییەكان بدەن تاكوو بە لەیەكتێگەیشتنێكی هاوبەشەوە، چارەسەرەكان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین كاتدا، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و خەرجكردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.