Erbil 10°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 17:42

وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە 12/11/2023،شاندێكی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بە سەرۆكایەتی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمی كوردستان و بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەمێننەوە .
لەگەڵ گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانە لەلایەن كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان و ئومێد سەباح ،سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو ،پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێكران.

پاشان حەیان عەبدولغەنی،وەزیری نەوتی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات. هەوڵیش دەدەین لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆدا هەموو كێشەكان چارەسەر بكەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسانتر دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێت.
هەروەها گوتی: هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونكە سامانی سروشتیی سەرەكی عێراق نەوتە و حكومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینكردنی بودجە.
گوتیشی:هەنگاوی یەكەم رێككەوتنە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنن و رێككەوتنێكی سەرەتاییشمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو كێشەكان سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوت چارەسەربكەین.
دواتر كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت رایگەیاند: پێش سێ رۆژ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

شایانی باسە ئێوارەی دوێنێ شەممە 11ی11ی2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەت بەخۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردەوە، سبەی یەكشەممە 12ی11ی2023، وەزیری نەوت و تیمێكی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
راشیدەگەێنێت،ئەم سەردانە لە سەر رێككەوتنی مەسرور بارزانی،سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی ،سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە تاكو بێنە ئێرەو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و كێشەكانی پێكەوە چارەسەر بكەن.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكردووە، بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكان كێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.