بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریكی لە ئیمارات، سەبارەت بە گواستنەوە پارە كۆبوونەتەوە
بڕیارە باڵانسی پێشینەی 5 بانكی عێراقی بە دۆلار زیاد بكرێت.
سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق ئاشكرای كردووە بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریكی ڕێككەوتووە بۆ بەرزكردنەوەی باڵانسی پێشینەی پێنج بانكی عێراقی بە دۆلار.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەبوزەبی كۆبوونەوەی چڕ لە نێوان شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریكی بەرپرس لە گواستنەوەی دەرەكی پارە بۆ هاوردەكردن ئەنجامدراوە و دانوستانەكان ئەرێنی بوونە لە ژمارەیەك بڕیار و میكانیزمدا، كە بەشدارن لە ئاسانكاریكردنی ڕێكارەكانی گواستنەوەی دەرەكی پەیوەست بە هاوردەكردن لە ڕێگەی دەروازەیەكی فرۆشتنی دراوی بیانییەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو رێككەوتن لەسەر بەرزكردنەوەی باڵانسی پێشینەی پێنج بانكی عێراقی كراوە بۆ هەژمارەكانیان بە دۆلار لەگەڵ بانكە ئوردنییەكان و حەواڵەكردن لە ڕێگەی (جەی پی مۆرگان)
هەروەها كێشەكانی پەیوەست بە گواستنەوە ڕەتكراوەكان چارەسەركران و ڕێككەوتن كراوە كە ڕەتكردنەوەی گواستنەوەكان دەبێت لەسەر بنەمای هۆكاری بەهێز بێت.
ئەم سەرچاوەیە راشیگەیاندووە كۆبوونەوەی دیكەش كراون یەكێك لە بانكە ئیماراتییەكان، بانكی ناوەندی عێراق و لایەنی ئەمریكییان كۆكردووەتەوە بۆ جێبەجێكردنی میكانیزمی بەرزكردنەوەی باڵانسەكان بە درهەمی ئیماراتی بۆ بانكە عێراقییەكان، لەم ڕووەوە پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا میكانیزمی بەرزكردنەوەی هاوسەنگی لە درهەمی ئیمارات دەست پێبكات.
لەهەمان كاتدا دانوستانی رژد هەبووە و گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی بۆ بەرزكردنەوەی باڵانسی بەشێك لە بانكە عێراقییەكان بە یۆرۆ لەگەڵ بانكی UBAF بۆ دابینكردنی دارایی بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و هەروەها زیادبوونی ژمارەی ئەو بانكانەی باڵانسەكانیان بە یوانی چینییە لە ڕێگەی بانكی گەشەپێدانی سەنگافورەوە باڵانسیان بەرز دەكرێنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە هەژمار بۆ 6 بانكی عێراقی لەم بانكە كراوەتەوە لە ماوەی داهاتووشدا 7 بانكی دیكە زیاد دەكرێت بۆ دابینكردنی دارایی بازرگانی عێراق و هاوردەی لەچیننەوە بەو پێیەی ساڵانە ئەو هاوردەیە بەنزیكەی 12 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو دەستكراوە بە كردنەوەی هەژماری بانكی بە ڕوپیەی هیندی بۆ ژمارەیەك بانكی عێراقی لەلایەن بانكی گەشەپێدانی سەنگافورە (لقی نیودەلهی)، وەك قۆناغی یەكەم باڵانسی دوو بانكی عێراقی بەرزكراوەتەوە و پێشبینی دەكرێت ئەم میكانیزمە بەشداربێت لە دابینكردنی دارایی هاوردەكردنی عێراق لە هیندستانەوە و بەتایبەتی دەرمان و خۆراك كە بە نزیكەی (3) ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.
باڵانسی پێشینەی 5 بانكی عێراقی بە دۆلار زیاد دەكرێت ؟
بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریكی لە ئیمارات كۆبوونەتەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.