Erbil 13°C پێنجشەممە 21 تشرینی دووەم 20:34

ئامینە عەبدوڵڵا: نابێ تابلۆ لە یەك ڕەنگدا خۆی بنوێنێ

کوردستان TV
100%

خاتوو(ئامینە عەبدوڵڵا )،دیمەنە دڵڕفێنەكانی كوردستان وای  لێكردووە روو بكاتە هونەری شێوەكاری بۆ ئەوەی بتوانێت بەهرەو حەزوو ‌و ئارەزووەكانی خۆی لە رێكەی تابلۆكانی بدۆزێتەوە بۆ برەودان بە هونەرەكەی بە پاڵپشتی و هاوكاری خێزانەكەی دەچێتە بەشی شێوەكاری پەیمانگەی  هونەرە جوانەكان و  بەسەركەوتوویی تەواوی بكات، لە ئێستاشدا قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی  هەولێرە خاوەنی چەندین پیشانگای هاوبەشە بۆ ئاگاداربوون لەچالاكییەكانی ئەو خاتوونە وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
* سەرەتا با بزانین ئامینە عەبدوڵڵا كێیە؟ 
- من (ئامینە عەبدوڵڵا رەحیم )،خەڵكی شاری سلێمانیم، دانیشتووی شاری هەولێرم، هەر لە منداڵییەوە حەزێكی زۆرم بۆ كاری هونەری هەبووە،بە تایبەتی لەبواری شێوەكاری لە قۆناغەكانی خوێندندیش بەشداری  زۆربەی چالاكییەكانی نێو قوتابخانەم دەكرد،هەر ئەو حەزوو ئارەزووە وای لێكردم بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری بەسەركەوتوویی تەواو بكەم و ئێستاش قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێرم تائێستا بەشداری چەندین پیشانگای هاوبەشم كردووە.
*خۆت بە قەرزاری كێ دەزانین لە بواری هونەری كە هەردەم هاوكار وپاڵپشتت بوون؟
- خێزانەكەم هەمیشە هاوكارو پاڵپشت بوون ،خۆم بە قەرزاری دایك و باوكم دەزانم، زۆر هاوكارم بوونە لە بواری هونەری شێوەكاری ، هەروەها خوشك و براكانم، بە تایبەتی برا گەورەكەم، كە هەمیشە هاندەرم بووە و زۆر لەگەڵم ماندوو بووە،لە هەمان كاتدا سوپاسی مامۆستاكانیشم دەكەم،كە ڕێنیشاندەر و ڕێنوێنیان كردووم.
*هەر هونەرمەندێك شێواز ی تایبەتی بە خۆی هەیە شێوازی كاركردنی تۆ چۆنە؟
- ئەوەی راستی بێت ،من زیاتر حەز لە وێنەكێشانی سروشت و ئەو دیمەنانە دەكەم كە سەرنجم ڕادەكێشن،واتە زیاتر لە رێبازی واقعی كاردەم بەهۆی خۆشەویستیم بۆ موزیك زۆرجار حەز بە دروستكردنی ئامێرە موزیكەكانیش دەكەم،بۆیە هەندێك لە تابلۆكانم ئامێرەكانی میوزیك لەخۆدەگرێت.
*رەنگ فاكتەریكی گرنگە بۆ هەر تابلۆیەك زیاتر كامەرەنگ لە تابلۆیەكان بەكار دەهێنیت؟
- لە نیگاركردنی هەر تابلۆیەك حەز دەكەم ڕەنگەكان هەمەجۆر بن، بۆیە هەموو ڕەنگێك لە تابلۆیەكانمدا بەكار دەهێنم، نابێ تابلۆ لە یەك ڕەنگدا خۆی بنوێنێ، بەڵكوو جوانی تابلۆ لە ڕەنگاو ڕەنگییەكەی دایە.
* لە نێوان بەهرە و ئەزموون خۆت لە كامیان دەبینیتەوە؟
- بەهرە و ئەزموون،دوو بنەمای سەرەكی هەر هونەرمەندێكە هەردووكیان پێكەوە دەبنە ئەو دوو باڵەی بەهۆیەوە دەتوانی ئەمسەر وئەوسەری ئەو بوارەی كە دەتەوێت پێی بگەیت كە خولیا و حەزی تۆیە، منیش وەكو هونەرمەندێك ،هەوڵم داوە هەردووكی بكەمە فاكتەرێك بۆ ئەوەی زیاتر پێشڤەچوونم، هەم لە بەهرەكەم، هەمیشە لە فێربوون و ئەزموون، بە ئاوێتەكردنی هەردووكی، توانیومە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆم لە بوارەكەی خۆمدا بدۆزمەوە.
*چۆن دەتوانیت لە رێگەی هونەرەوە گوزارشت لە ئافرەت بكەیت؟
- من لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە چەند تابلۆیەكم كێشاوە، دەربڕە لە دنیای ئافرەت، بەشداریی پێشانگاشم كردووە بۆ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بە دروستكردنی وێنەی ئافرەت لەسەر تابلۆكانم كێشاومە، بەواتایەكی تر لەرێگەی تابلۆكانم توانییومە گوزراشت لە بوێری و ناسۆرییەكانی ئافرەتان بكەم.
*ئەو بابەتانە چین كەدەتەوێت لەرێگەی تابلۆكانت تیشكی بخیتە سەر؟
- بە گشتی دیمەنی سروشتی كوردستان هەوێنی تابلۆكانمە،لەگەڵ ئامێرە میوزیكییە دڵخوازەكانم، هەروەها زۆربەی كات سوود لە ئینتەرنێتت وەردەگرم و بە لێگەڕان هەر وێنەیەك ببینم و سەرنجم ڕابكێشێ، وەریدەگرم و دووبارە بە بیرۆكەی خۆم دەیكێشمەوە.
*تا چەند هونەری شێوەكار پەیوەندی بە هونەر كانی تر هەیە وەكو (شانۆ، سینەما، ئەدەب، موزیك)؟
- هەرچەندە ئەمانە هەریەكە و ڕەهەند و لقێكن و پێكەوە دنیا جوانەكەی هونەر پێك دەهێنن، بەڵام بۆ هەریەكەیان، هزر و خەیاڵی تایبەت بە خۆی ھەیە بۆ ئەوەی خۆتی تێدا ببینیتەوە، ئەمەش بە پێی بیركردنەوەی كەسەكان دەگۆڕێ، دەبینی كە كەسێك خولیایەكی هونەری هەیە، بەڵام ڕەنگە تەنیا یەك لەو لقانەی هونەر، ببێتە بواری دڵخوازی خۆی،لەگەڵ ئەوەشدا زۆر پارچە موزیكێك لە كاتی نیگار كردن دا خەیاڵێكی رۆحی بە شێوەكار دەبخەخشێت. .
*پەیوەندیت لە هونەرمەندانی شێوەكار چۆنە؟
- بەو پێیەی بواری دڵخواز و دنیای تایبەت بەخۆمە،هەمیشە و لە هەر كات و شوێنێكێدا، دڵ و دەروونم لەلای هونەرمەندانی شێوەكارییە بەجۆرێك بووەتە بەشێكی دانەبڕاوی ژیانم،هەردەم هاوكاروپاڵپشتی سەرجەم هونەرمەندان بوومە وئەوانیش بەرامبەر بەمن بەهەمان شێوەن .
*هیچ پڕۆژەیەكی نوێت وەكو (پیشانگا) لە هەگبەدایە ؟
- بەڵێ پڕۆژەیەكی هاوبەشم هەیە، لەگەڵ هاوڕێكانم، ئەوەش كردنەوەی پێشەنگەیەكی تایبەتە و بە نیازین‌ لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو لەپیشانگایەكی هاوبەش دا چەندین تابلۆی ناوازەش نمایش بكەین.
*جگەی لە بواری هونەری شیێوەكاری خوولیاو ئارەزووت بۆ هیچ لەهونەرەكاتی تر هەیە؟
 - بەڵێ وێڕای بوارەكەی خۆم، ئارەزووی بواری میوزیك دەكەم،بە تایبەت ئامێری كەمانجە حەزیش دەكەم لە داهاتوو ئەگەر دەرفەت هەبێت خۆم فێری ژەنینی كەمانجە بكەم.
هەڤپەیڤین-  كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شێوه‌کاری هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.