Erbil 31°C چوارشەممە 09 ئەیلوول 23:45

شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پلادانان و نەوتی عێراق كۆبووەوە

100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ کرد، بەمەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییی فیدڕاڵ

لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری وەزیری داراییی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ، بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پرۆژەیاساکە خستەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستیی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کراوە، بەمەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت. لە بەرامبەردا وەزیری داراییی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداریی شاندی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ لە ڕۆشناییی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ

دواتر شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکوومی ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە؛ هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەگوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پرۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگەکان و پتڕۆ دۆلار.

هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیانیش بەهەمان بنەما بەشدار بێت.

لە بەرامبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەربڕی. هەردوولاش لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی تەکنیکی و یاسایی، لەم بوارەدا ڕێککەوتن.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ

لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.

ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی داراییی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.

شاندی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە كە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو حکوومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.

لە بەرامبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.

لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی و ئابووری نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرامبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.