Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:33

وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا بۆ نێچیرڤان بارزانی: پابه‌ندین له‌ پشتگیری سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌كه‌ ئه‌وان وه‌ك فه‌ره‌نسا پابه‌ندن له‌ به‌رده‌وامی پشتگیری سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ياوه‌رى له‌ پاريس، له‌گه‌ڵ سێباستيان لوكۆرنو وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانى و هاريكاريى سه‌ربازى و ئه‌منيى فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى كاريگه‌ر و قوربانيى هێزه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرد. هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى ئه‌و سه‌ربازه‌ فه‌ره‌نسيیانه‌ كرد كه‌ ئه‌م دواييه‌ له‌ ڕووداوێكدا له‌ عێراق گيانيان له‌ده‌ست دا.

لاى خۆيه‌وه‌ وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ره‌نسا وێڕاى ده‌ربڕينى پێزانين بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا، جه‌ختى له‌ پابه‌ندى و به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فه‌ره‌نسا له‌ بوارى سه‌ربازى و ئه‌منيدا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ سوپاسالارى فه‌ره‌نسا و ژماره‌يه‌ك له‌ پله‌دارانى سه‌ربازى ئاماده‌ بوون، هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ گرینگيى هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێگرى له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى شه‌ڕ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕابوون له‌وه‌ى پێويسته‌ عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ نه‌بنه‌ به‌شێكى ئاڵۆزييه‌كان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا به‌ره‌وپێشچوونى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، خرانه‌ به‌ر باس.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نێچيرڤان بارزانى له‌ تۆمارى يادگاريى وه‌زاره‌تدا، په‌يامێكى ياده‌وه‌رى تۆمار كرد و تيايدا سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.