Erbil 23°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 03:21

پارێزگای هه‌ولێر: چه‌ند كه‌ناڵ و ده‌زگایه‌كی میدیایی بارانبارینی ئه‌مڕۆیان به‌ ئاراسته‌یه‌كی ناڕاستدا برد

کوردستان TV
100%

پارێزگای هه‌ولێر سه‌باره‌ت به بارانبارینه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگه‌یاند كه‌ دوور له‌ چاوه‌روانی و پێشبینی نه‌كراو بوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ به‌داخه‌وه‌ چه‌ند كه‌ناڵ و ده‌زگایه‌كی میدیایی پرسی بارانبارینی ئه‌مڕۆیان به‌ ئاراسته‌یه‌كی ناڕاستدا برد.

پارێزگای هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: بە هۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگه‌چارەسەرییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەشوهەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لەلایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیرابوونەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەى (350) كیلۆمه‌تر له‌ فراوانکردن و پاککردنەوەی ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی شارى هەولێر و تەواوکردنی (20) پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و (43) پڕۆژەی دیکە کە ئێستا بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا، ئەوە جگە لە ئامادەباشی سەرجەم تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی و شارەوانییەکان و بەرگریی شارستانی و تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و بە هاناوەچوونی هاووڵاتییان، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێ و کۆنتڕۆڵی بکرێت.

ڕاشیگه‌یاند: هاووڵاتییان و هاوشارییانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنیا دەکەینەوە، پارێزگه‌ی هەولێر لە ڕێگەی لیژنە و تیمی فەرمانگە و دامەزراوەکانییەوە هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕوودانی هەر ئەگەر و مەترسییەکی لافاو و ڕووداوێکی نەخوازراوی گۆڕانى کەشوهەوا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئەوەی ئەمڕۆ کە بە هۆی دابارینی ڕێژەیەکی زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا ڕووی دا و لە چەند شوێنک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دووچاری ناڕەحەتی بوونەوە و لە بەشێک لە شەقامە گشتییەکانیش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بوو، لە زووترین کاتدا تیمەکان بەهانای هاووڵاتییانەوە چوون و شەقامەکان پاککرانەوە و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ نەکەوتەوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ك ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا حاڵەتێکی چاوەڕوانەکراو بوو کە دەزگه‌ و ئامێرەکانی کەشناسیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا نەیانتوانی پێشبینییەکانی بخوێنەوە، بۆ ڕوودانی حاڵەتی لەمشێوەیەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێشبینی زانستی بۆ بکرێت.

پارێزگا‌ی هه‌ولێر هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بەداخەوە چەند کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی پرسەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ناڕاست و دوور لە ڕاستی برد و وەک خۆی ڕووماڵی ڕووداوەکەیان نەکرد، هیوادارین بۆ لەمەودوا ئەگەر ناتوانن لە حاڵتی ڕووداوی لەمشێوەیەدا هاوکار بن، با بەلای کەمەوە وەک خۆی وێنەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.