ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینییان لە دژی حەماس لە غەززە دەستپێكرد، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە قۆناغی دووەمی ئەو شەڕە وەسفی كرد كە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە.
هەروەها فەرماندەكانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەداوە كە خۆیان بۆ هێرشێكی زەمینی فراوانتر ئامادە دەكەن .
هاوكات كاربەدەستانی ئەمریكی ڕایانگەیاند كە هەندێك لە یاریدەدەرانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئامۆژگاری هاوتا ئیسرائیلییەكانیان كردووە كە دەستپێكردنی هێرشێكی دەستبەجێ و هەمەلایەنە دوابخەن.
هەرچەندە لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنە زەمینییە سەرەتاییەكان سنووردار دەردەكەون، بەڵام نەتانیاهۆ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمە قۆناغی دووەمی شەڕەكەیە، كە ئامانجەكانی ڕوون و ئاشكران، كە بریتییە لە لەناوبردنی تواناكانی حوكمڕانی و سەربازیی حەماس و گەڕانەوەی بارمتەكان.
گوتیشی: دوژمن لە سەرەوە و لە ژێر زەوی لەناو دەبەین.
ئیسرائیل دوای هێرشە وێرانكەرەكەی حەماس كە لە 7ی ئۆكتۆبەر دەستیپێكرد، ماوەی 23 هەفتەیە گەمارۆی خۆی توندتر كردووە و بۆردومانی غەززە دەكات.
دەسەڵاتدارانی پزیشكی لە كەرتی غەززە كە ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و 300 هەزار كەسە، باس لەوە دەكەن كە زیاتر لە هەشت هەزار فەلەستینی لە بۆردومانی ئیسرائیلدا كوژراون.
قەیرانەكە بووە هۆی ئەوەی دوێنێ شەممە سەدان هەزار لایەنگری فەلەستین لە سەرانسەری ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا خۆپیشاندان بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.