Erbil 1°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 05:55

سوپای ئیسڕائیل ده‌ستی به‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كرد

کوردستان TV
100%

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ڕایگه‌یاند كه‌ سوپای ئیسڕائیل ئه‌مشه‌و هه‌ینی به‌ كرداری ده‌ستی به‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كردووه‌.

ئه‌یمه‌ن ئه‌لسه‌فدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ڕایگه‌یاند: ئێستا سوپای ئیسڕائیل ده‌ستی به‌ ئۆپه‌ڕاسیۆن و هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ كردووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: بێگومان ئه‌م هێرشه‌ زه‌مینییه‌ی غه‌ززه‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات كه كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت. ‌

ئه‌مشه‌و هه‌ینی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسڕائیل ده‌ستیان به‌ هێرشێكی چڕ و گه‌وره‌ی ئاسمانی‌ كرد بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌‌، به‌هۆی هێرشه‌كه‌ش سه‌رجه‌م هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و ئینته‌رنێت له‌ غه‌ززه‌ پچڕاوه‌.

پێشتر دانیێل هاگاری گوته‌بێژی سوپای ئیسڕائیل ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌مشه‌و سوپاكه‌یان چالاكییه‌ زه‌مینییه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ فراوانتر ده‌كات هاوشان له‌گه‌ڵ بۆردومانه‌‌ ئاسمانییه‌ چڕه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌.

رۆژی چوارشه‌می ڕابردوو بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل له‌میانه‌ی گوتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا گوتبووی كه‌ به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی جه‌نگ، كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشی زه‌مینییان بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ دیاری كردووه‌‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل داواشی له‌ هاووڵاتییانی سڤیلی غه‌ززه‌ كردبوو شاره‌كه‌ جێبهێڵن و ڕوو له‌ ناوچه‌كانی باشوور بكه‌ن بۆ پاراستنی گیانیان.

نه‌تانیاهۆ جه‌ختیشی كردبووه‌‌وه‌ كه‌ هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بارمته‌ و دیله‌كانیان له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ رزگار بكه‌ن و به‌ سه‌لامه‌تی بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ ماڵه‌كانیان.

هه‌ر له‌باره‌ی هێرشی زه‌مینی سوپای ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه‌، یوئاف گالانت وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی گوتبووی: ڕه‌نگه‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ مانگێك یا دوو مانگ یاخود سێ مانگ بخایه‌نێ، به‌ڵام له‌ كۆتایی هێرشه‌كه‌دا شتێك نامێنێ به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو كه‌ به‌ر له‌وه‌ی سه‌رباز و تانك و زریپۆشه‌كان ده‌ست به‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ بكه‌ن، هێرشێكی چڕی ئاسمانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی دوژمن ده‌كه‌ن، جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانیان‌ به‌شێوه‌یه‌كی كوشنده‌ و ورد و كوالێتی ئه‌نجام ده‌درێن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.