وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتیی سیدەکان بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا 90%ـی کارەکانی ئەنجام دراون، نەخۆشخانەکە بە توانای 50 قەرەوێڵە دروست دەکرێت و بەشێکی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە دابینکردنی بودجەی تایبەت پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی سیدەکانی خستەوە سەر هێڵی جێبەجێکردن، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا: پڕۆژەکە تاوەکوو ئێستا 90%ی کارەکانی بەئەنجام گەیەندراون. نەخۆشخانەکە بە توانای 50 قەرەوێڵە دروست دەکرێت و بەشێکی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری لەخۆدەگرێت، ئەمەش وا دەکات دانیشتووانی قەزای سیدەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست ناکات سەردانی پارێزگایەکی دیکە بکەن.
تایبەتمەندی و بەشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکە:
هۆڵی نەشتەرگەری: جێبەجێکردنی گەورەترین هۆڵی نەشتەرگەری لە ناوچەکەدا، کە بە تەواوبوونی 100%ی پڕۆژەکە دەکەوێتە کار و پرۆسەی ڕەوانەکردنی نەخۆش (إحالة) بۆ دەرەوەی قەزاکە ڕادەگرێت.
ڕاوێژکاری و پشکنین: دروستکردنی بەشێکی گەورەی ڕاوێژکاری بۆ گشت پسپۆڕییەکان، لەگەڵ بەشی تیشک و تاقیگەیەکی پێشکەوتوو بەپێی ستانداردی جیهانی.
سەنتەری ددان: تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بە تەندروستیی ددان کە وەک سەنتەرێکی گشتگیر سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی شارەزایی ددان پێشکەش دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.