Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:40

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار لە بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکرێت

کوردستان TV
100%


پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژێکدا 3 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بە پێوەرى جیهانی بەرهەم دێنن و لە ڕێگەى پرۆژە جیاجیاکانەوە دەگەیەنرێتە ماڵان.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "توانای بەرهەمهێنانی پرۆژە و بیرەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوە؛ ئەوەش لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر دەگۆڕێت. ئەو ئاوەی بەرهەم دێت لە بیرەکان و پرۆژەکان و کانییەکان هەر هەمووی دوای پشکنین و دڵنیابووەنەوە، بە گوێرەی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ستانداردی عێراقی بۆ ئاوی خواردنەوە بەکار دێت."
ئاری ئەحمەد دەشڵێت: ''پرسی پاککردنەوەى ئاو پرسێکی فیزیایی و کیمیاییە، زیاتر لە 10 پشکنینی کیمیایی و 4 پشکنینی فیزیایی و 3 پشکنینی بایۆلۆجی بۆ دەکرێت. تێچووی ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینارە."
هیوا عەبدولرەزاق، سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ ڕایگەیاند: ''سەبارەت بە پاککردنەوەى ئاو لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ کە سەرچاوەکەى زێی گەورەیە، بە 5 قۆناغ ئاوەکە پاک دەکرێتەوە. لە ڕووبارەکە وەردەگیرێت و بە چەند پەمپێکی گەورە ئاوەکان دەهێنرێنە ناو پرۆژەکە و لەوێوە بە 5 پرۆسە کاری لەسەر دەکرێت، تا بۆ هاووڵاتییان دەنێردرێت.''
سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ هیچ کێشەیەک نییە و ئەو ئاوەی کە پاکیش دەکرێتەوە، بە گوێرەی ستانداردی جیهانییە."
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023، لە جیهاندا نزیکەى 2 ملیار کەس کێشەى دەستڕاگەیشتن بە ئاوى خواردنەوەیان هەیە، ئەم دیاردەیەش لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و وشکەساڵی زیاتر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاو و گەیاندنی ئاوی پاک بە هاووڵاتییان، سیاسەتی گەشەپێدانی پرۆژە ئاوییەکانی لەسەر بنەماى زانستی گرتووەتە بەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.