Erbil 11°C شەممە 02 تشرینی دووەم 03:30

سه‌لامه‌تی ژیانی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی

کوردستان TV
100%

له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا دوو رۆژنامه‌نووسی دیاری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانی‌ رفێنراون، سه‌لامه‌تی و به‌رپرسیاره‌تی ژیان هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌ و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌‌.

دوو رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌‌ بریتین له‌ جه‌مال عه‌بدوڵا و عیماد بیلال‌، ده‌زگای میدیایی باس له‌ شاری هه‌ولێر كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان كاری تێدا ده‌كه‌ن، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان بەهۆی نووسین و رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانیيەوە ده‌ستگیركراون.

سه‌ره‌تا عیماد بیلال سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌م له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئه‌منی شاره‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌میش جه‌مال عه‌بدوڵا هه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رفێنراوه‌، هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌ سلێمانی له‌ زیندانن، مه‌ترسی ئه‌شكه‌نجه‌دان و بێسه‌روشوێنبوونیان له‌سه‌ره‌.

ده‌زگای میدیایی باسنیوز له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت "بەداخەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو ڕۆژنامەنووسی ناسراوی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە بریتین لە: جەمال عەبدوڵا کە پارێزەرە و هاوكات نووسەر و ڕۆژنامەنووسە و لە ماڵپەڕی (باسنیوز) گۆشەیەكی وتارنووسی هەیە، هەروەها عیماد بیلال رۆژنامەنووس كە پەیامنێرێكی چالاكی دەزگاكەمانە لە شاری سلێمانی، لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە دەستگیر كراون و ئێستا لە زینداندان".

هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نێت "لێرەوە جەخت دەكەینەوە، دەزگای میدیایی (باس) لە هەوڵەكانی لەسەر دەرخستنی راستییەكان بەردەوام دەبێت و ناچێتە ژێرباری هیچ جۆرە فشارێك، ئەو دوو هاوکارە رۆژنامەنووسەمان هەر کەیسێکیان بۆ کرابێتەوە یان دروست کرابێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە بەهۆی نووسین و رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانیيەوە گیراون".

داواش له‌ دەزگا دادوەرییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسە گیراوەكانی سلێمانیدا بكەن.

دەزگای میدیایی باسنیوز هه‌روه‌ها سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هەردوو ڕۆژنامەنووسه‌كه‌شی خسته‌ ئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "چونكە ئەزموونێكی تاڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و گیراوان لەو شارەدا هەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.