بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پلان و نەخشەڕێگەی نوێی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە 23/10/2023، لە دیوانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەرانی پلان و ئامار بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە گرنگیی سێكتەری گەشتوگوزار كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەت بە پلانی نوێ كار لەو سێكتەرەدا دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە دەستەی گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان كرد ئاماسازی تەواو بكەن بەمەبەستی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی پلان و نەخشەڕێگەی نوێی گەشتوگوزار لەپێناو بووژانەوەی ئەو سێكتەرە گرنگەی كوردستان.
پەرەپێدان و هەمەجۆركردنی چالاكیی گەشتیاری و پاڵپشتییكردنی كەرتی تایبەت و پێداچوونەوە بە بڕیارە كارپێكراوەكان و ڕێكخستنەوەی یاسا و ڕێنماییەكان و دەركردنی ڕێنمایی نوێ و چاوخشاندنەوە بە ڕێنماییە دەرچووەكان و پەرەپێدانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن و بە بازاڕكردنی گەشتیاری و ڕێكخستن و توانا مرۆییەكان و پەرەوەردەی گەشتیاری و زیادكردنی هەلیكار و باشتركردنی سیستەمی ئاماری گەشتیاران و گرێدانەوەی پێگە شوێنەوارییەكان بە گەشتوگوزار و ئاسانكاری هاتوچۆ بۆ ئەو پێگە گەشتیاریانە چەند تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بوون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر گرنگی ئەو پلانە نوێیە كردەوە و ئامادەیی تەواویشی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك لەپێناو ئامادەكردن و گرتنەبەری پلانێكی نوێی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان.
له ههرێمی كوردستان پلان و نەخشە ڕێگەی نوێی گەشتوگوزار دەگیرێتەبەر
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.