شاندی دانوستانكاری ههرێم ئهمڕۆ یهكشهم له میانهی كۆبوونهوهیهكدا لهگهڵ سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕایانگهیاند كه له بهغدا تێگهیشتنی ئهرێنی لهسهر چارهسهركردنی كێشهی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان دروست بووه.
ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە، کە هەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی خستنەڕووی ژمارە و زانیاری دروست لەسەر تەوەرەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و بودجە و مووچەی هەرێم، ئامادەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، تیمی حکوومەت کورتەیەکیان لهبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو، ئاماژەیان بەوە دا کە ڕوونکردنەوەی تەواویان بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش دروست بووە لەنێوان ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە وەک شایستەی قانوونی مووچهخۆر و دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، بەم ئاراستەیەش لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەم بابەتە خرایەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای دەستخۆشیکردن لە تیمی حکوومەتی هەرێم، دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم.
گوتیشی كه دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی وەزیرانە، لەم پێناوەشدا حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستووریەکانی خۆی لە بەرامبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت تیمی دانوستانکاری ڕاسپارد لە نزیکترین دەرفەتدا و لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پەیوەندی بەردەوام بن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی تا گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوسەنگ و گونجاو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.